بڕیاری پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بۆ مامۆستایان یەکلانەکراوەتەوە

تا ئێستا ئەو کۆمپانیایەی بڕیارە ئۆتۆمبێل بە قیست بدات بە مامۆستایانی ھەرێم وەڵامی کۆتایی یەکێتیی مامۆستایانی نەداوەتەوە. 

عەبدولواحید محەمەد سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان راگەیاند: گفتوگۆکانیان لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بۆ مامۆستایان بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و کۆمپانیاکە وەڵامی کۆتایی نەداونەتەوە. 

وتیشی: لە درێژەی گفتوگۆکاندا داوایانکردووە وردەکاریی تەواویان بدەنێ لەسەر چۆنیەتی پێدانی ئۆتۆمبێل کە بە چ شێوازێک دەبێت و نرخەکان چۆن دادەنرێت و چەند لەسەر مامۆستایان دەکەوێت. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گرنگترین بابەت ئەوەیە، کارئاسانیی بۆ مامۆستایان بکرێت و نرخێکی گونجاو بێت و زیادە نەخرێتە سەر نرخەکان.