بۆ خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیارانی هه‌رێم، نووسراوێكی به‌په‌له‌ ئاڕاسته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كرا

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نووسراوێكی به‌په‌له‌ی ئاڕاسته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردوه‌و داوا ده‌كات به‌زووترین كات شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیارانی هه‌رێم خه‌رج بكرێت.

 له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 1ی ته‌مموزی‌ 2019  د.به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نووسراوێكی به‌په‌له‌ی ئاڕاسته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردوه‌و داوا ده‌كات به‌زووترین كات شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیارانی كوردستان بۆ ساڵه‌كانی (2014 ـ 2015 ـ 2016 ـ 2017 ـ 2018) و پاره‌ی قه‌ره‌بووی لافاو و زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكات”.

راشیده‌گه‌یه‌نن ، د.به‌شیر حه‌داد داوای له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردوه‌ فه‌رمان به‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ بكات بۆ خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كان و قه‌ره‌بووی لافاو و زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌شڵێت ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتریش جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق داوای لێ كردبوو كه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكات.