رووسیا و سعوودییە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت رێککەوتن


ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند لەگەڵ سعوودیە رێککەوتوون کەوا رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە نێوان شەش بۆ نۆ مانگ درێژ بکەنەوە.

لە پەراوێزی لووتکەی  جی-٢٠ دا، ڤلادیمیر پوتین بۆ رۆژنامەوانان دوا و وتی، “ماوەی درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە لە نێوان شەش بۆ نۆ مانگ دەبێت”.

چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داھاتوودا رێکخراوی ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ بەڕابەرایەتی رووسیا لە ڤیەننا کۆببنەوە و تیادا بڕیار لەسەر درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان دەدەن.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ بەڕابەرایەتی رووسیا گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان بە بڕی یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ ماوەی شەش مانگ.

ھاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەو رێککەوتنە درێژەی ھەیە، بەڵام ھێشتا بازاڕەکانی نەوت لەرووی نرخەوە ناسەقامگیرە و لە ئێستادا ھەر بەرمیلێکی خاوی برێنت لە دەورووبەری ٦٥ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.