هەڤاڵ ئەبوبەکر: 50 ملیار دینارمان بۆ دروستكردنی شەقامی 100 مەتری لەبەردەستدایە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، وەکو پارێزگا راپۆرتیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوە و ئەوانیش ڕەزامەندیان دەربڕیوە، کە وەزارەتی شارەوانی ببێتە لایەنی یەکەمی جێبەجێکار و بڕی 50  ملیار دینار بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە، دەشڵێت، “پێشبینی دروستبونی ئاستەنگ دەکەین لە بناری گۆیژە و ئەزمەڕ”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ شەممە راگەیاند، حکومەت تاکو تەواوکردنی پڕۆژەکە بە بەردەوامی پارەی بۆ خەرج دەکات، بەو پێیەی ماوەی پڕۆژەکە درێژخایەنە و بەچەند قۆناغێک ئەنجامدەدرێت.

بەهیچ جۆرێک دەستکاری روبەری پرۆژەکە نەکراوە، کە لە قۆناغی یەکەمدا بریتیە لە 142 کیلۆمەتر
 
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەهیچ جۆرێک دەستکاری روبەری پرۆژەکە نەکراوە کە بریتیە لە 142 کیلۆمەتر لە قۆناغی یەکەمدا کە 32 کیلۆمەترە لە تاسڵوجە بۆ عەربەت دەست پێدەکات”.

پارێزگاری سلێمانی رونیشیدەکاتەوە، قۆناغەکانی دواتر دەبێت بەردەوامبێت چونکە دواهەمین شەقامی ستراتیژیە لە سلێمانی، بەوپێیەی دەچێتە بناری هەمو شاخەکانی دەوروبەری سلێمانی.
پێشبینی دروستبونی گرفت دەکەین لەناوچەکانی بناری شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە
 

ئەوەشی خستەڕو، “پێشبینی دروستبونی گرفت دەکەین لەناوچەکانی بناری شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە، چونکە کۆمەڵێک پڕۆژەی نیشتەجێبون و بازرگانی لەسەر دروستکراوە لە ڕابردودا کە مۆڵەتی شارەوانیان هەیە”.

پێشنیارێک هەیە کە لە هەندێک ناوچەی بناری ئەو دو شاخەدا ڕوبەری شەقامەکە بچوک ببێتەوە بۆ 30 مەتر و لە هەندێک شوێنی تردا بۆ 60 مەتر
 

دەربارەی ڕوبەری شەقامی 100 مەتری لە بناری گۆیژە و ئەزمەڕ، هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، “پێشنیارێک هەیە کە لە هەندێک ناوچەی بناری ئەو دو شاخەدا ڕوبەری شەقامەکە بچوک ببێتەوە بۆ 30 مەتر و لە هەندێک شوێنی تردا بۆ 60 مەتر، بەوپێیەی دەکەوێتە باکوری سلێمانی کە هاتوچۆی کەمتری لەسەر دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی ڕۆهەڵات و باشوری شارەکە”.  

بیرۆکەیەکی تر هەیە کە لە گوندی وێڵەدەر شەقامەکە گەورە بکرێت و بچێتە سیتەک و دواتر بە تونێلەکەدا بێتەوە ناو سلێمانی
 
پاێزگاری سلێمانی وتیشی، “بیرۆکەیەکی تر هەیە کە لە گوندی وێڵەدەر شەقامەکە گەورە بکرێت و بچێتە سیتەک و دواتر بە تونێلەکەدا بێتەوە ناو سلێمانی”.
دوای پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێ پڕۆژەکەش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستەڕو، “دوای پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێ پڕۆژەکەش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و مۆڵەتی پێدەدرێت، چونکە هەمو ڕێکارەکانی تەواوکراوە، بڕی 50 ملیار دیناری نەختینەش لە بەردەستایە بۆ دەستپێکی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە”.
 
خەندان