لیستێكی نوێی پێناسی گومركی بڵاو كرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومركی هەرێم لیستێكی نوێی ژمارەیەك جۆری ئۆتۆمبێلی ئاشكراكرد، كە بەپێی گۆڕانكاریی بڕگە و بابەتەكانی پێناسەی نوێی گومركی لەسەرجەم مەرزەكانی هەرێم كاری پێدەكرێت.

شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومركی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ،  راگەیاند، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی وردبینی و پێناسە و دیاریكردنی بەهای سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومركی هەرێم، لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستێكی تری گۆڕانكاریی بڕگە و بابەتەكانی پێناسەی نوێی گومركیمان بۆ رەوانەكراوە.

راشیگه‌یاند، پێویستە تەواوی بازرگانان و ئەو كەسانەی كاری هاوردەكردنی ئوتومبێل دەكەن لەسەرجەم مەرزە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم ئاگاداری ئەو گۆڕانكارییە نوێیان بن كە بە پێی جۆر و مۆدێلی ئۆتومبێلەكان ڕێكخراوە و ئێستە كاری پێدەكرێت.

ئاماژەی بەوە كرد، ئەو گۆڕانكارییە نوێیانە لەلایەن لیژنەی هاوبەشی پێناسەی نوێی گومركی كاری لەسەر كراوە و پاشان بڕیاری لەسەردراوە.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لەچوار مەرزە نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانییەوە دوورە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ ئەنجام دەدرێت.