قوباد تاڵەبانی کێشەی کافێ پاسی سلێمانی چارەسەر دەکات

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگری دەکات لەوەی شارەوانیی سلێمانی قاوەخانەیەکی سەر شەقامەکان لاببات، لە بەرامبەریشدا خاوەنی قاوەخانەکە سوپاسی بەدەنگەوە هاتنی کێشەکەی لە قوباد تاڵەبانی دەکات.

چەند گەنجێک بە شێوەیەکی جیاواز قاوەخانەیەکیان لە پاسێکدا لەسەر شەقامێکی شاری سلێمانی داناوە، بەڵام بە بیانووی زیادەڕەویی لەسەر موڵکی گشتیی، شارەوانیی سلێمانی داوای لابردنی خاوەخانەکەی کردبوو، بەڵام دواتر لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە بەدواداچوون بۆ کێشەکەی کراوە و رێگری کردووە لەوەی قاوەخانەکە لاببرێت.

کەسێک بە ناوی کردار محەممەد کە خاوەنی قاوەخانەکەیە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بۆ قوباد تاڵەبانی نووسیوە: “زۆر سوپاس بۆ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێز قوباد تاڵەبانی بۆ بەدەنگەوە هاتنی کێشەی کافێ پاسی سلێمانی و چارەسەرکردنی بە شێوەیەکی فەڕمی”.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “کاک قوباد یەکێک لەو سەرکردە سادانەی کورد کە بەردەوام بووە بە پاڵپشتی بۆ گەنجان و هەلی کاری بەردەوام رەخساندووە بۆمان”.

قوباد تاڵەبانیش ریتویتی ئەو پەیامەی کردووە و نووسیویەتی: “سوپاسی ناوێت برام، لە خزمەتتدام. هیوادارم لە کاتێکی گونجاودا سەرێکت لێبدەم و قاوەیەکت لەلا بخۆمەوە”.

پێشتریش بەهەمانشێوە قوباد تاڵەبانی رێگری کرد لەوەی قاوەخانەیەک بە ناوی جان کافێ لە شەقامی سالمی سلێمانی لاببرێت.