كارکردن بۆ دەستبەکاربونی ژووری بازرگانی ھەڵەبجە دەستی پێکرد


كاردەکرێت بۆتەواوکردن و دامەزراندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەڵەبجە.

سیروان محەمەد،سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و جێگرانی سەرۆکی ژوور و شڤان عبدلرەحمان، ئەمینداری گشتی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان، و سەباح قادر ڕاوێژکاری یاسای یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوورو بەشی یاسای ژوور ڕۆژی پێنجشەممە ٢ ئایار پێشوازیانکرد لەئازاد تۆفیق، پارێزگاری شاری ھەڵەبجە و ژمارەیەک لەبازرگانانی شاری ھەڵەبجە.

لەکۆبونەوەکەدا سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: وەک یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکانی ھەرێمی کوردستان لەژێر ڕۆشنای نوسراوی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بەکردنەوەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەڵەبجە وە لەدوای بڕیاری ئەنجومەنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم بڕیاردرا کەبەزوترین کات ژووری بازرگانی ھەڵەبجە پێکبھێندرێت.

ڕاشیگەیاند: وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە ئێمەش پشتیوانی دامەزراندنی ژووری بازرگانی ھەڵەبجەبوین ھەربۆیە لە ئێستاشدا دەمانەوێت لەگەڵ پارێزگاری ھەڵەبجە و بازرگانانی ئەو شارە و بەسەرپەرشتی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان ژووری بازرگانی ھەڵەبجە دامەزرێندرێت.

لەکۆبونەوەکەدا، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ھەڵەبجە ڕایگەیاند: ئێمە وەک پارێزگاری ھەڵەبجە دامەزراندنی ژووری بازرگانی زۆر بەگرنگ دەزانین بۆ بەرەو پێشبردنی کاری وەبەرھێنا و بەھێزبوونی کارە بازرگانیەکان بۆیە ھیوادارین بەزوترین کات کارەکانی بۆ بکرێت.

پارێزگاری ھەڵەبجە داواشیکر کە کارەکان چڕبکرێتەوە بۆ زوو دروستکردنی ژووری بازرگانی ھەڵەبجە.

لای خۆشیانەوە لیژنەی دیاریکردنی کارەکانی ژووری بازرگانی ھەڵەبجە بڕیاریاندا کەبەھاوبەشی دەست بەکارەکانبکەن و لە کەمترین ماوەدا ژووری بازرگانی ھەڵەبجە دابمەزرێنن.