چاوشئۆغڵو:”دانانی ڤیزا له‌ نێوان تورکیا و عێراق هه‌میشه‌یی نیه‌، کە کاتی خۆی هات پەیڕەویی ڤیزا ھەڵدەگرین”

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی ڤیزای نێوان تورکیا و عێراق رایگەیاند، “ڤیزا پەیڕەویەکی ھەمیشەیی نییە. لێرەدا (عێراق) کاتێک کارەکان ئاسایی دەبنەوە، ئێمە دووبارە چاو بەمەدا دەخشێنینەوە. لە کاتی خۆیدا پەیڕەویی ڤیزا دووبارە بۆ برایانمان ھەڵدەگرین”.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری بەسڕە، ئەسعەد ئەلعیدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە باڵەخانەی پارێزگای بەسڕە ئەنجامدا.

مەولود چاوشئۆغڵو سوپاسی ئەلعیدانی کرد بەھۆی میوانداریکردنی و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانیکردنی بۆ بەسڕە.

چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە بەسڕە خاوەنی پێگەی ستراتیژی گرنگە بۆ عێراق و گشت ناوچەکان و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو شارە پایتەختی ئابووری عێراقە.

چاوشئۆغڵو راشیگەیاند کە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی ئەلعیدانی ئاماژەی پێکردووە زۆر گرنگن بۆ دووبارە گەشەپێدانی ئابووری و بونیاتنانەوەی عێراق.

چاوشئۆغڵو وتیشی: “من لەم باوەڕەدام کە بەسڕە و عێراق دەبێتە ناوەندی گەیاندن و بازرگانی لە نێوان کەنداو و ئەورووپا”.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە پێشتر کۆمپانیاکانی تورکیا رۆڵی گرنگیان ھەبووە لە دووبارە بوژاندنەوە و بونیاتنانەوەی عێراق و بەسڕە و ئێستاش پێکەوە ھەوڵدراوە بۆ ئەوەی دووبارە کۆمپانیاکانی تورکیا بگەڕێنەوە ئەو شوێنە.

چاوشئۆغڵو بانگھێشتی بۆ کۆمپانیاکانی تورکیا کرد و رایگەیاند کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق لە ناوبردراوە و رێوشوێنی ئەمنی تەواو گیراوەتەبەر. راشیگەیاند کە گشت ھاوکارییەک بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا تورکییەکان پێشکەش دەکەن.

چاوشئۆغڵو لەمبارەیەوە وتیشی: “بەڵام پشتیوانی سەرەکی لێرەدا لە لایەن پارێزگاری بەسڕە، ئەنجوومەنی پارێزگا و ھۆزەکانی ئێرە پێشکەش دەکرێت”.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی خستەڕوو کە کونسڵخانەی نوێی تورکیا لە بەسڕە تەنھا راسپاردەی پارێزگا، ئەلعیدانی و ئەندامانی ئەنجوومەن ناکەن بەڵکو راسپاردەی گشت خەڵکی بەسڕە دەکەن.

چاوشئۆغڵو راشیگەیاند کە لەبارەی کێشەی ئاو لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و بەسڕە تاوتوێی کردووە و ئاماژەی بەوەشدا کە ساڵی رابردوو کێشەی ئاو لە بەسڕە و عێراق سەریھەڵداوە و لەمبارەیەوە چەند رەخنەیەک ئاراستەی تورکیا کراوە.

چلوشئۆغڵو لەمبارەیەوە وتی: “تورکیا بۆ سووکردنی ئەو کێشەی عێراق ئەوەی لەدەستی ھاتووە کردوویەتی. سەڕێژی بەنداوی ئلیسومان دواخست. لەو رۆژەوە تا ئێستا دەرگاکانی ئەو بەنداوە دانەخراون. ئەو ئاوەی بە بەنداوەکەدا تێپەڕ دەبێت بە روونی گەیشتووەتە عێراق”.

چاوشئۆغڵو جەختیشی لەوە کردەوە کە بە ھیچ شێوەیەک تورکیا ھۆکاری کێشەکەی ئاوی ساڵی رابردوو نییە لە عێراق.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاشکراشی کرد کە عێراق ئەزموونی بەڕێوەبردنی ئاوی نییە و لەمبارەیەوە پێویستە کاری پێویست ئەنجام بدرێت و تورکیا ئامادەیە ئەزموونی خۆی لەم بوارە بۆ عێراق گواستەوە.

مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی پرسی ڤیزا لە نێوان ھەردوو وڵات رایگەیاند کە تورکیا بە ھۆکاری ئەمنی پەیڕەوی ڤیزای بۆ ھاووڵاتیانی عێراق دەستپێکردووە. ئەوەشی راگەیاند کە ھیچ کێشەیەک لەبارەی ڤیزا بوونی نییە و پێش دەستپێکردنی پەیڕەوی ڤیزا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە عێراقەوە ھاتوونەتە تورکیا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکراشی کرد کە لە دوای کردنەوەی کونسڵخانەی وڵاتەکەی لە بەسڕە ئیتر ھاووڵاتیان پێویست ناکات بۆ وەرگرتنی ڤیزا سەردانی بەغدا بکەن و گوتیشی: “ڤیزا پەیڕەویەکی ھەمیشەیی نییە. لێرەدا (عێراق) کاتێک کارەکان ئاسایی دەبنەوە، ئێمە دووبارە چاو بەمەدا دەخشێنینەوە. لە کاتی خۆیدا پەیڕەویی ڤیزا دووبارە بۆ برایانمان ھەڵدەگرین”.