״چارەسەركردنی كێشە بازرگانی و پیشەسازییەكانی نێوان هەرێم ‌و بەغدا״

هەرێم و بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوان هەردوولاو ئاسانكاری لەبوارەكانی بازرگانی و پیشەسازی‌و چەند پرسێكی تایبەت بەگومرگ‌و یەكخستنی رسومات‌و هەماهەنگی نێوان هەردوولا لەچەند بوارێكدا، كۆبوونەوە.

دوێنێ، وەفدێكی باڵای حكومەتی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران‌و قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لەوەزیرەكانی حكومەتی هەرێم، كۆبوونەوەو دوای كۆبوونەوەكەش، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی هاوبەشدا، عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم و د.محەمەد عانی وەزیری بازرگانیی حكومەتی عیراق، ئەوەیان خستەڕوو كە كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەكۆبونەوەی ئەنجومەنی ئابوری حكومەتی فیدراڵ كە ئەمجارە هێنراوەتە هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش تیایدا بەشداربووە، كۆبوونەوەكەش تا رادەیەكی زۆر سەركەوتوو بووە، ئەو بڕیارانەشی لەكۆبوونەوەكەدا دراون، یەكخستن و رێكخستنی هەندێك چالاكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمە بۆ ئاسانكاری بواری بازرگانی و پیشەسازی و پێدانی مۆڵەت لەكۆمەڵێك بواردا، چونكە ئێستا پێدانی مۆڵەتی كارگەكان لەگەڵ بەغدا یەكخراوە تا بەرهەمەكانیان لەناوچەكانی دیكەی عیراق كێشەیان بۆ دروستنەبێت.

ئاماژەیان بەوەشكرد كە پێشتر لەنێوان هەرێم‌و بەغدا گفتوگۆی بەردەوام هەبووەو چەندین كێشە چارەسەركراوە، لەم كۆبوونەوەیەشدا زۆر كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەسەر كراوەو حكومەتی هەرێمیش ئامادەیە بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكان.
باسیان لەوەشكرد كە پێشنیاركراوە هەندێك ئۆفیسی بەغدا بۆ هەماهەنگی نێوان حكومەتی عیراق و هەرێم، لەكوردستان بكرێتەوەو بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو وەفدێكی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم سەردانی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عیراق بكات و لەبارەی چەندن پرسێكەوە گفتوگۆ بكرێت.

هەر سەبارەت بەكۆبوونەوەكە، سایتی حكومەتی هەرێم، بڵاویكردۆتەوە كە لەكۆبوونەوەكەدا باس لەپەیوەندییەكانی هەولێر-بەغداو كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان كراوە، هەردوولا جەختیان لەپێویستیی بوونی دیالۆگی جددی كردۆتەوە‌و بەگشتیش لەكۆبوونەوەكەدا لەبوارەكانی ئابووری، گومرگەكان، كوالێتی كۆنتڕۆڵ‌و چەند پرسێكی دیكە گفتوگۆكراوە‌و جەختكراوەتەوە لەسەر كاركردن‌و جێبەجێكردنی ئەو بابەتانەی كە لەبەرژەوەندیی گشتیی عیراق‌و هەرێمی كوردستاندان. هەروەك بە‌پێویستزانرا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەموارو جێبەجێكردنی یاسا عیراقییەكان لەهەرێمی كوردستان، دەربكات.