نرخی ئەمپێری مۆلیدە بۆ مانگی نیسان دیاریكرا

نرخی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی نیسان دیاریكراو نرخی هەر ئەمپێرێكیش لەنێوان سێ هەزارو 500 دینار بۆ چوار هەزارو 500 دینار دەبێت.  

كارەبای سلێمانی رایگەیاند: لەكۆبوونەوەیەكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسان، لەدیوانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی بەڕێوەچوو، نرخی سەعاتێك ئەمپێری مۆلیدە بە (38.150) دینار بۆ مانگی (4) دیاریكرا، موەلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان (100) بۆ (120) سەعات كاریانكردوە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك لەنێوان (3.500) بۆ (4.500) هەزار دینار دەبێت و نرخی ئەمپێڕێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر جیاوازە.

سەبارەت بەبەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی ئایار، موەلیدە ئەهلییەكان لە ئامادەباشیدا دەبن هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە ئەوان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن، بەرنامەكەش لە سبەینێ چوارشەممە 1ی ئایارەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەكۆبوونەوەكەشدا ئەو خاڵە دووپاتكرایەوە، كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 10 دەقیقە زیاتر بەسەر كارپێكردنی موەلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.

سەبارەت بەنرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون و سیتیەكان نرخی كیلۆواتێك بە(199.290) دینار دیاریكرا، بەڵام ئەگەر سیتیەكان وێستگەكانیان 11 كەیڤی بوو ئەوا 5 دینارو ئەگەریش وێستگەی 33 كەیڤی بوو 10 دیناری بۆ زیاد دەكرێت.