بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەرزی ھاویندا دەگاتە بەرزترین ئاست


وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ”بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەرزی ھاوینی ئەمساڵدا، بەرزترین ئاست تۆمار دەکات و دەگاتە ١٨ ھەزار میگاوات کە ئەویش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە روودەدات”.

وەزیری کارەبای عێراق، لوئەی خەتیب لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی فەرمی “ئەلسەباح” ئاشکرایکردووە کە دانوستانەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لەگەڵ سعوودیە، کوێت و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش، قۆناغی باشی بڕیوە.

لوئەی خەتیب ئاماژەی بەوەشداوە کە بەرھەمھێنانی کارەبا لە میانی ساڵی ٢٠١٨دا، گەیشتووەتە ١٤ ھەزار و ٥٠٠ میگاوات، بەڵام لە وەزی ھاوینی ئەمساڵدا، بەرزدەبێتەوە و دەگاتە ١٨ ھەزار میگاوات.

وەزیری کارەبای عێراق ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێکدادانەی کە لە میانی چەند ساڵی رابردوودا لە نێوان ھێزە عێراقییەکان دژبە تیرۆریستانی داعش روویدا، زیانێکی زۆر بەر کەرتی کارەبا کەوتووە بە تایبەتیش لە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکاندا.

وێرای ئەوەی عێراق لە ١٢ ساڵی رابردوودا، ٤٠ ملیار دۆلاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا خەرجکردووە، بەڵام ھێشتا زۆربەی شارو شارۆچکەکانی بەدەست کەمی کارەباوە دەناڵێنن بە تایبەتی لە وەرزی ھاویندا.