له‌ سلێمانی داوا له كۆمپانیاكان ده‌كرێت به‌نزینی بازرگانی هاورده‌ بكه‌ن

ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ نرخی به‌نزین له‌ سلێمانی بۆ هه‌ر لیترێك 25 دینار به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ دابەزینی نرخ داوایان له ته‌واوی كۆمپانیاكان كردووه‌ به‌نزینی بازرگانی هاورده‌ بكه‌ن.

ئەمڕۆ یەکشەممه‌ 28ی نیسان، سۆران غه‌فور به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی سلێمانی  راگه‌یاند، له‌ سلێمانی نرخی به‌نزین به‌رزبووه‌ته‌وه ‌و بۆ هه‌ر لیترێك بڕی 25 دینار گران بووه‌، هۆكاره‌كه‌ش پێوه‌سته‌ به‌ بۆرسه‌ی جیهان و هه‌ركات نرخی نه‌وت به‌رزبێته‌وه‌ به‌نزینیش گران ده‌بێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی سلێمانی له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی، داوامان له‌ كۆمپانیاكانی هێنانی به‌نزین كردووه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌ و كارئاسانی ته‌واویان بۆ ده‌كه‌ین تا به‌نزینی بازرگانی بهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین كێبڕكێ دروستبێت و نرخه‌كه‌ش دابه‌زێت یان له‌ ئاستی بۆرسه‌ زیاتر به‌رز نه‌بێته‌وه‌.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێستا له‌ سلێمانی زۆرترین كۆمپانیا به‌نزین هاورده‌ ده‌كه‌ن، كارئاسانیش بۆ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ده‌كرێ كه‌ بیه‌وێ به‌نزین بهێنێت، به‌ڵام كاتێك باسی ئاسانكاری ده‌كه‌ین له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ نه‌ك چاوپۆشی له‌ كوالێتی به‌نزین بكه‌ین.

لە سلێمانی نرخی لیترێك به‌نزین بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ جۆره‌كان 25 دینار گرانبوه‌، نۆرماڵ بۆ 650 و محه‌سه‌ن بۆ 750 بەرز بوونەتەوە.