جووتیارێک تائێستا بە گاجووت زەوی قەدپاڵی شاخ و چیاکانی ھەورامان دەکێڵێت

نەریمان حەمە ساڵح جووتیارێکی تەمەن ٦١ ساڵانی دانیشتووی ناوچەی ھەورامانە لە سنووری ھەڵەبجە، ئەو ماوەی ٥١ ساڵە بە گا جووتی زەوی گوندەکانی ناوچەی ھەورامان دەکات کە بەھۆی سەختی ئەو ناوچەیەوە تائێستا پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و ئامێرە کشتوکاڵییەکان نەیانتوانیوە کاری گاجووتی لێژ بکەن.

ساڵانە جووتیارەکان لەسەرەتا تا ناوەڕاستی ساڵ کاری کێڵانی زەوییەکانیان ئەنجام دەدەن تاوەکو زەوییەکانیان لە کاتی بەرھەمدا بەرھەمێکی باشتریان پێبدات.

ھەرچەندە بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و ھاتنی ئامێری پێشکەوتووی کشتوکاڵی زۆربەی کارەکان لەو رێگەیەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە چەند ناوچەیەکی کەمی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەو ناوچانەی سەختن و زەوییەکانیان بواری کێڵانی نییە بە ئامێری کشتوکاڵییەکان، تائێستاش گاجووت بەکار دەھێنرێت.

گاجووت لە رێگەی گاسنێک کە بە چەند دارێکی بەھێز بەستراوەتەوە بە ملی دوو گاوە بەستراوەتەوە کە پێویستە گاکان بە بەھێزی گاسنەکە رابکێشن و زەوییەکەی پێبکێڵن، ئەمەش کارێکی زەحمەتە و شارەزایی باشی دەوێت.

نەریمان حەمەساڵح کە تاکە جووتیاری ناوچەی ھەورامانە تائێستا لەسەر ئەو کارە بەردەوامە باسی لە کارەکەی کرد، ئەو وتی: “لە ساڵی ١٩٦٨ ەوە دەستم بە کاری کێڵان کردووە لە رێگەی گاوە، لە ئێستا ئەم جۆرە کێڵانە نەماوە و کارێکی زەحمەت و سەختە و بەتەنھا ئەم کارە دەکەم”.

نەریمان حەمەساڵح وتی: “ئەو گایانەی ئەم کارەی پێدەکەین پێویستیان بە راھێنان و فێرکردن ھەیە، سەرەتا کە گوێرەکەن و تەمەنیان گەیشتە دوو ساڵ دەست دەکەین بە راھێنان و فێرکردنیان لەسەر کارەکە و تا ماوەی دە ساڵ دەتوانن کارەکە ئەنجام بدەن، چونکە پێویستە وەک قوتابییەک لەسەرەتاوە فێری ئەو کارەیان بکەین و ئەگەر بەو شێوەیە راھێنانیان پێنەکرێت ناتوانن کاری کێڵانەکە ئەنجام بدەن”.

نەریمان کە گایەکانی ماوەی دوو ساڵە لە ئێرانەوە ھێناوە و بە بڕی شەش ملیۆن دیناری عێراقی ھەردوکیانی کڕیوە، وتی: “ئەم گایانەی من بە باشی راھێنانم پێکردون، بۆیە ئێستا بە باشی و بەپێی خواستی من کار دەکەن و بە قسەی من کارەکە دەکەن، پێیان دەڵێم بۆ خوارەوە بۆ خوارەوە یان بۆ سەرەوە بۆ سەرەوە دەچن و لە ھەموو شوێنێک کار دەکەن”.

ئەو ھەروەھا دەڵێت: “تا ساڵی ھەشتاکان گاجووت لەم ناوچەی ھەورامانەدا زۆر بوو، بەڵام لە ئێستادا کەس تاقەتی ئەم کارەی نەماوە و لەم ناوچەیەی ھەوراماندا تەنھا من ماومەتەوە کە کاری گاجووتی دەکەم بە گاکانم، ئەو کەسانەشی کاتی خۆی گاسنەکانیان دروست دەکرد کۆچی دواییان کردووە و نەماون و کەس نییە ئێستا دروستیان بکات”.

ئەم جووتیارە لە ئێستادا بۆ بژێوی ژیانی خۆی بەردەوامە لەسەر کارەکەی و بۆ یەک کاتژمێر کارکردن بە گاجووت بڕی ٢٥ ھەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت کارێکی پڕ زەحمەت و سەخت و مەترسیداریشە بەھۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری مین و تەقەمەنییەوە لە ناوچەکەدا، پێش ١٥ ساڵ و لە کاتی کێڵانی زەوییەکی ناوچەکەدا مینێک پێیدا تەقیوەتەوە، بەو ھۆیەشەوە جگە لە بریندار بونی خۆی دوو گاکەشی لەدەستداوە.