وەرزى بڕینەوەى خوری مەڕ لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان دەستىپێکردووە

وەرزی بڕینەوەی خوری مەڕ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و ئاژەڵدار و شوانکاران بە هەرەوەزی رۆژانە خوری سەدان سەر مەڕ دەبڕنەوە، خورییەکەش وەک پێویست سوودی لێ نابیندرێت، تەنانەت لە زۆر شوێن فڕێدراوە.

شوانکاران لە وەرزی بڕینەوەی خوری مەڕدا پشت بە یەکتر دەبەستن و یەکتری ئاگادار دەکەنەوە، تاوەکو بە هەرەوەزی بە کاتێکی کەم کارێکی زۆر ئەنجام بدەن.

شوانکارانی گوندەکانی ناوچەی بەربن سەربە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک لەئێستادا سەرقاڵی بڕینەوەی خوری مەڕەکانیانن و سەرجەمییان هاوکاری یەکتر دەکەن.

وەک شوانکارەکان باسی دەکەن ئەوان لە وەرزی بڕینەوەی خوری مەڕدا کۆدەبنەوە، هەرجارە و خوری رانە مەڕی شوانێک دەست نیشان دەکەن بۆ بڕینەوە. 

بۆ هەر رانە مەڕێک زیاتر لە ٢٠ شوانکار دەست هەڵدێنن کەلەخەکانیان لەنێو خوری مەڕەکان دەنێنن و لە چەند خولەکێک مەڕەکە لە خوری پیس و درێژ پاک دەکەنەوە.

هەرچەند لەئێستادا چەندین ئامێری پێشکەوتوو هەیە بۆ بڕینەوەی خوری مەڕ، بەڵام شوانکارانی کورد تەنها پشت بە کەلەخ دەبەستن و هیچ ئامێرێکی سەردەمیانە بەکارناهێنن.

سەلاح رەشید، ئاژەڵدارێکی گوندی کەونەباکی سنووری قەزای بەردەڕەش له‌ پارێزگای دهۆک، ڕایگه‌یاند، پیشەی ئاژەڵداری لە سنوورەکەمان بەگشتی لە گوندەکان بە تایبەتی هیچ کەمی نەکردووە، بەڵکو خەڵک بەردەوامە لە بەخێوکردنی مەڕ و بزن و مانگا و ئاژەڵەکانی دیکە.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، نیگەرانین لەوەی هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەک نییە بۆ ئەوەی ساڵانە بەرهەمی خوری مەڕ لە وەرزی بڕینەوەدا سوودی لێ ببیندرێت، ئەگەر بەرنامەیەک هەیە بێت جا چ لە کەرتی حکومی بێت یان کەرتی تایبەت ئەم خورییانە زۆر کەلوپەل و جلوبەرگی لێ بەرهەم دەهێندرێت.