” پێدانی کارەبا ئەم هاوینە لەچاو پاردا باش دەبێت “

بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم ڕای دەگەیەنێت ” لەم ماوەیەدا 18 تا 20 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دراوە، هەندێکجاریش 24 کاتژمێر کارەبا دراوە، ئەم پلانە تا کۆتایی ئەم مانگەش بە پێی بەرنامە و خوێندنەوەی خۆمان بەم جۆرە دەبێت، وتیشی “هاوینی ئەمساڵ بەدڵنیایەوە زۆر باشتر دەبێت لە هاوینی ساڵی پار، بۆ پێدانی کارەبا”.

ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند “بەڕێژەی 450 بۆ 500 مێگاوات کارەبای زیادکراومان زیاد کردووە، لە کاتێکدا پێشتر 100 بۆ 150 مێگاوات بوو”.

ناوبراو بە “باسی” راگەیادووە “”دوای زیادبوونی ڕێژەی ئاو لە بەنداوەکانەدا ئێمە بەڕێژەی 400 بۆ 450 مێگاوات کارەبای زیادکردووە، پێشتر ئەم ڕێژەیە لە نێوان 100 بۆ 150 مێگاوات زیادکراو هەبوو، هەروەها ئێستا 550 مێگاواتی زیاد لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخانەوە بەرهەم دێت، ئەمەش بۆ خۆی ڕێژەیەکی بەرچاوە”.

هەروەها دەڵێت “ئەو ئاوەی ئێستا لە بەنداوەکانەوە بەردەدرێتەوە حاڵەتێکی ناچارییە و مەرج نییە، کە بتوانین تا سەر ئەم ئاوە بەربدەینەوە، چونکە بە فەرمان (ئیعاز)ی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەو ئاوە بەردەدرێتەوە، لەبڕی ئەوەی ئاوەکە بە فیڕۆبچێت ئێمە کارەبامان لێ بەرهەم هێناوە و بە هاونیشتمانیانمان داوە”.