عێراق بۆ بنیاتنانەوەی کەرتی کارەبا ٢٠ ملیار دۆلاری پێویستە


وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، “بۆ بنیتانانەوەی کەرتی کارەبا، ٢٠ ملیار دۆلارمان پێویستە”

لە کۆبوونەوەیەکدا لوئەی خەتیب، وەزیری کارەبا لە حکوومەتی عێراق لەبارەی دووبارە بنیاتنانەوەی کارەبا وتی، “وەزارەتی کارەبا کاتی زیاتری پێویستە تا قەیرانی کارەبا چارەسەر بکات، جگە لەوەش ژمارەیەک رێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیھاندا ھەیە بۆ ئەوەی بتوانیین لە قۆناغەکانی داھاتوو قەیرانی کارەبا چارەسەر بکەین”.

هاوکات وەزیری کارەبا وتیشی، “ھەوڵەکانمان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی یەکجارێکی کەرتی کارەبا خستووەتەگەڕ، بەڵام بۆ بنیتانانەوەی کەرتی کارەبا، ٢٠ ملیار دۆلارمان پێویستە”.

لەلایەکی دیکەوە شەڕو پێکدادانەکانی ھێزە عێراقییەکان دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە میانی چەند ساڵی رابردوودا، زیانی گەورەی بە کەرتی کارەبا گەیاندبوو.