‘ئەو جەنگەی ئه‌ردۆغان دژی وەبەرهێنەرانی بیانی دەستی پێکردووە، چەقبەستوویی ئابووری تورکیا قوڵتر دەکاتەوە”

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە هەواڵێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو هەنگاوانەی حکومەتی تورکیا دەینێت لە پێناو زیادکردنی پشتیوانی بۆ لیرەی تورکی، ڕەنگە لەرینەوەیەکی گەورە لە ئابووری جیهانییدا درووست بکات.

لاری ئێلیۆن سەرنووسەری بەشی ئابووری ڕۆژنامەی گاردیان لە هەڵسەنگاندنێکیدا بۆ بارودۆخی ئابووری تورکیا ڕایگەیاند ئەو جەنگەی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەرامبەر وەبەرهێنەرانی بیانی دەستی پێکردووە ئەنجامی خراپی دەبێت و باجێکی قورسی دەبێت هەم لە دوور مەودا و هەم لە نزیک مەودادا.

لاری ئیلیۆت ئەو جەنگەی ئێردۆغانی لە دژی وەبەرهێنەرەکان بە “سەرکەوتنێک کە باجێکی قورسی دەبێت” ناوبرد و ڕایگەیاند: “تاکە پرسیار لەو بارەیەوە بریتییە لەوەی ئاخۆ زیانەکانی ئەو هەنگاوە تا چ ڕادەیەک گەورە دەبێت و کاریگەرییەکانی ئەو بارودۆخە لە وڵاتانی دیکەدا هەستی پێ دەکرێت یاخود نا. بەڵام ئەگەر تەماشای شڵەژاوی ئابووری جیهانی بکەین دەبینین کە ئەگەری کارتێکردنی تێکشکانی ئابووری تورکیا لەسەر ئابووری وڵاتانی دیکە لە چ ئاستێکی بەرزدایە.”

لاری ئیلیۆت لە درێژەی نووسینەکەیدا باسی لە هەوڵەکانی ئێردۆغان کردووە کە لە پێناو پاراستنی بەهای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان ڕێگری لە چوونە دەرەوەی بانکە بیانییەکان کردووە لە تورکیا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو هەنگاوە باجێکی قورسی دەبێت و ڕایگەیاند:

“لە ئەنجامی ئەو هەنگاوەدا تێچووی بیمەی حەواڵەکانی تورکیا بەرزتر بووەتەوە. بۆرسەی تورکیا بە خراپترین ڕۆژەکانیدا دەڕوات لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا و نزیکەی شەش لە سەدی بەهاکەی لەدەستداوە. پلانی تورکیا بریتییە لەوەی ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەمە ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ هەموو سنوردارکردنەکان هەڵبگرێت، بەڵام تازە ئەوەی ڕوویدا ڕوویدا. بە هۆی ئەوەی ڕێژەی سوودی بانکی هەتا ماوەیەکی درێژخایەن ناچار بە بەرزی بهێڵدرێتەوە، چەقبەستووی ئابووری قوڵتر دەبێتەوە و ڕێککردنەوەی بارودۆخەکە هێواشتر دەکاتەوە. پێویستە مەترسی دابەزینی بەهای لیرەی تورکیش لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان لەبەرچاو بگیرێت.”