له‌ سلێمانی پاسی شه‌وانه‌ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دابین ده‌كرێت


بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی وا بڕیارە پاسی شەوان بۆ سلێمانی دابین بکات و کارکردنی شۆفێرانی تەکسیش ڕێکبخات، بە مەبەستی هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی لە پێناو کەمکردنەوەی فشار لەسەر شەقامەکانی شاری سلێمانی.

بەڕێوبەری گواستنەوەی سلێمانی، سدیق محەمەد لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە ئەوان “لەگەڵ کۆمپانیای (شا پڕۆدەکشن) ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی پاسی شەوانە بۆ شاری سلێمانی دابین بکەن کە لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەوە تا وەکو ٢ی شەو کاردەکەن و هاوڵاتییان هاتووچۆ پێدەکەن”.

لە شاری سلێمانیدا، ڕۆژانە نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بەکاردێنن و زیاد لە ١٥ هەزار تەکسی لە نێو شاری سلێمانیدا کار دەکەن، هەر بۆیە بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە لەگەڵ (گرووپی کۆمپانیاکانی شێنێ)دا بۆ ڕێکخستنی کاری تەکسییەکانی ناو شار.

بەڕێوبەری گواستنەوەی سلێمانی، سدیق محەمەد باسی لەوەش کرد بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆخی دارایی باش نەبووە، ئەوان لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتدا ڕێککەوتوون بۆ ڕێکخستن و ئاسانکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بۆ هاوڵاتییان کە خۆی لە پاس و تەکسیدا ئەبینێتەوە.