هوتێلی پرۆرا لە ئەڵمانیا ١٠ هەزار ژووری هەیە و به‌فەرمانی ئەدۆڵف هیتلەر درووستکراوە


کەناراوێکی سەیر هەیە لە ئەڵمانیا کە کەوتووە سەر دەریای بەلتیق. ئەوەی مایەی سەرنجە، بوونی هوتێلێکی ٥ کیلۆمەترییە کە لەسەر کەناراوەکە بەشێوەیەکی تەریب درووستکراوە و  پرۆرا-ی ناوە.

هاوکات هوتێلەکە ١٠ هەزار ژووری هەیە و ٧٠ ساڵ بەر لە ئێستا درووستکراوە و هیچ کاتێک موشتەری خۆی نەبووە، بەڵکو هوتێلەکە لەسەردەمی ئەڵمانیای نازی بە فەرمانی ئەدۆڵف هیتلەر درووستکراوە و لەنێوان ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٩ بنیاتنراوە.

درێژی هوتێلەکە ٥ کیلۆمەترە و ١٥٠ مەتر لە دەریاوە دوورە و لەلایەن ئەندازیار کلێمێنز کلۆتز درووستکراوە. لەهەمان کاتدا بە دیزاینێکی مۆدێرنی ئەو سەردەمە نەخشەکەی کێشراوە.

پرۆرا لە ٨ بینای زەبەلاحی جیاواز پێکهاتووە و تایبەتمەندی ئاوی بڵقاو و  حەمامی کانزایی هەیە. جگە لەمەش لە کێبڕکێیەکدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و کاریگەرییەکانی باهاوسی لێدیارە.

پرۆرا یەکێکە لە گرنگترین نەخشەزایی ئەندازیاری ئەڵمانیای نازی و یەکەم هەوڵە بۆ چوونە نێو سێکتەری گەشتوگوزاری بگشتی.  بۆیە خراوەتە نێو لیستی میراتی نەخشەسازی ئەڵمانیا.

لەلایەکی دیکەوە بیرۆکەی درووستکردنی هوتێلەکە لە کەمپی سەیرانگەی ئینگلیزەکانەوە هەڵقوڵاوە کە لەلایەن رۆبەرت لێی درووستکراوە. کەمپەکە تایبەتە بۆ ئەو خێزانانە درووستکراوە کە باری ئابوورییان مامناوەندە. بۆیە ئەندازیار کلۆتز لەسەر بیرۆکەی “هەموو کرێکارێک شایەنی ئەوەیە پشوو بدات” هەڵساوە بە درووستکردنی هوتێلێک کە لەتوانایدایە ٢٠ هەزار کەس لەخۆ بگرێت.

هەموو ژوورەکانی هوتێلەکە خاوەن دیمەنی دەریان و قەبارەیان ٥ مەتر بە ٢ مەترو نیوە. هاوکات هەر ژورێک ٢ سیسەمی نوستن و دۆلابێک و مەخسەلێک لەخۆ دەگرێت. باڵەخانەکان لە ٦ نهۆم پێکهاتووە و هەموو ژوورەکان هاوشێوەی یەکن. لە روویەکی هوتێلەکەدا ١١١٨ پەنجەرە هەیە.

قوڵیی ژوورەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە ژوورەکان بە پانی دەرکەوێت. بەمەبەستی پێشوازی میوانەکان بەشێوەیەکی یەکسان، توالێت و گەرماوەکان گشتین و بە هاوبەشی بەکاردێن. هوتێلەکە بالانسێکی سەرنجراکێشی لەگەڵ هوتێلەکانی دیکەی دەورووبەر هەیە و بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران.

لە ساڵی ١٩٣٧دا لە پیشانگەی جیهانی لە پاریس، هوتێلی پرۆرا خەڵاتی گراند پریکس-ی پێ بەخشراوە.

پرۆرا، تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە بۆ هیتلەر، چونکە سەردەمانێک سەرۆکی ئەڵمانیا لەخەیاڵیدا بووە کە هوتێلێکی جیهانی لە ئەڵمانیا بکاتەوە و لەکاتی شەڕیشدا ببێت بە نەخۆشخانەیەک بۆ سەربازانی بریندار. هەبوونی سیستەمی گەرمکەرەوە لە سەرانسەری هوتێلەکە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە هیتلەر جگە لە هوتێل، بۆ چەندین مەبەستی دیکە بەکاری دەهێنێت.

بناغەی بینای پرۆرا لە بەرواری ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٣٦ دانرا و بە ١٧ مانگ واتە بە ژمارەیەکی پێوانەیی هەیکەلەکەی تەواوبوو. لەو سەردەمەدا گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بەشدارییان لە پرۆژەکە کرد و نیکەی ٩ هەزار کرێکار و سەرباز تێیدا کاریان کردووە.

لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی ١٩٣٩، درووستکردنی هوتێلەکە وەستا و تەنها ٨ باڵەخانە و هۆڵی شانۆگەری و هۆڵی سینەما تەواوکرابوو. مەلەوانگە و ساڵۆنی فیستیڤالەکان کە لەلایەن هیتلەرەوە بایەخێکی زۆری پێدەدرا، درووست نەکرا.

لەکاتی بۆمب بارانکردنی شاری هامبورگ، خەڵک هوتێلەکەیان وەکو سەنگەر و خۆشاردنەوە بەکارهێنا. دوای شەڕ، پرۆرا بوو بە دانیشتگەی سەربازی یەدەگی ژنی سەر بە سووپای ئاسمانی ئەڵمانیا. لەکۆتاییدا هیچ گەشتیارێک نەیتوانی لە هوتێلەکەدا پشوو بدات.