روحانی: “بەرەوڕووی قورسترین گوشاری ئابووریی لەدوای شۆڕشەوە بووینەتەوە”


سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئاشکرایکرد بەرەوڕووی قورسترین گوشاری ئابووریی لەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ەوە بوونەتەوە.

حەسەن روحانی و رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بە بۆنەی چلەمین ساڵیادی شۆڕشەوە، بە جیا سەردانی مەزاری ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی-یان لە تارانی پایتەخت کرد. روحانی لە میانی سەردانەکەیدا لە وتارێکدا باسی لە سزاکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەی کرد.

روحانی جەختی لەوەکردەوە دوایین جەنگی ئەمریکا دژی ئێران لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا دەستیپێکردووە، بەڵام لە رووی سیاسیی، یاسایی و سایکۆلۆجیییەوە واشنتۆن لەسەر ئاستی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیی شکستیهێناوە و گوتی: “بەرەوڕووی قورسترین گوشاری ئابووریی لەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ەوە بووینەتەوە. لە رێگەی کۆشش، فیداکاریی و بەرەنگاریی دانیشتوانەوە، ئەمریکا لە جەنگی ئابووریشدا دەدۆڕێت”.

سەرکۆماری ئێران تیشکی خستەسەر ئەوەی جگە لە چەند وڵاتێک، سەرجەم وڵاتانی جیهان پشتیوانیی ئێران دژی ئەمریکا دەکەن و وتی: “ئەمریکا نەک تەنها لەگەڵ ئێران، بەڵکو لەگەڵ هەریەک لە یەکێتیی ئەورووپا، چین و رێککەوتننامەی بازرگانیی ئازادی ئەمریکای باکوور، بەڵێنەکانی شکاندووە. پێویستە کەسانێک ئەمە بەهەڵە نەخوێننەوە”.

حەسەن روحانی باسی لەوەکرد کێشەکانی وڵاتەکەی لەمڕۆدا بەگشتیی ئەو کێشانەن کە لە ئەنجامی فشارەکانی ئیدارەی واشنتۆن و شوێنکەوتووانی، سەرچاوەیان گرتووە و رایگەیاند “پێویستە لەجیاتی سەرکۆنەکردنی ئەمریکا، حکوومەتی خزمەتگوزار یان رژێمی ئێران تۆمەتبار نەکەین”.

روحانی پێداگریی لەسەر ئەوەکرد کە سەرکەوتنی یاسایی، ئەخلاقی و سیاسیی دانوستانەکان هەرگیز ون نابن و وتی: “با هیچ کەس نەڵێت ئەمریکا دانوستانی لەگەڵ ئێراندا کرد، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردە سەر. بنەمای دانوستانەکان ئەوە نییە لایەنی بەرامبەر تا کوێ پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت، ئەوەی کە گرنگە پرەنسیپەکانی نێو دانوستانەکانە”.