دانە غاز: “لە ٢٠١٨ بڕی ١١٣ ملیۆن دۆلارمان لە ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە”

دانە غاز رایدەگەیەنێت کە دەیانەوێت لە میانی سێ ساڵی داھاتوو قەبارەی بەرھەمھێنانی غاز بۆ ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا و قەبارەی بەرھەمھێنانی لە شلە نەوتییەکان بۆ ١٠ بۆ ١٢ ھەزار بەرمیل نەوتی ھاوتا لە میانی سێ ساڵی داھاتوو لە ھەرێمی کوردستان، زیادبکەین.

کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی رایگەیاند، بڕی ٣٢٤ ملیۆن دۆلاری لە بری کردەوەکانییان لە میسر و ھەرێمی کوردستان و ئیمارەتی شاریقە لە ئیمارات وەرگرتووە و ئەوەش کاردەکاتە سەر پاڵپشتیکردنی پلانەکانی کۆمپانیا بۆ فراوانکردنی کارەکانی و سیاسەتی دابەشکردنی قازانجەکانی.

سەرباری ئەو بڕە پارەیەی کە لە میسر وەریگرتووە، کۆمپانیاکە ئەوەی روونکردووەتەوە کە لەماوەی چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ بڕی ١٠٢ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە فرۆشتنی چڕەکان و غازی پترۆلیی شل لە ھەرێمی کوردستان بەدەست کەوتووە، بەو پێیەشی کە دانە غاز پشکی ٣٥ لەسەدی لە کۆمپانیای بیرڵ پترۆلیۆم ھەیە، بڕی ٣٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەرگرتووە.

لە راگەیەندراوێکدا کە کۆمپانیای دانە غاز بڵاویکردووەتەوە ئەوەی روونکردووەتەوە کە بڕی ئەو پارەیەی کە کۆمپانیای بیرڵ پترۆلیۆم لە میانی ساڵی ٢٠١٨ وەریگرتووە دەگاتە ٣٢٢ ملیۆن دۆلار و پشکی دانە غاز لەنێوییدا، ١١٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و ھیچ ھەقێکی دواکەوتووی کۆمپانیای بیرڵ پترۆلیۆم لەسەر ھەرێمی کوردستان نییە، چونکە ھەموو ھەقەکانی خۆی بەرێکی وەردەگرێت.

لەوبارەیەوە سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دانە غاز، پاتریک ئاڵمان وارد لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە “ئەو بڕە پارە کاشەی کە کۆمپانیا لە بری کردەوەکانی وەریگرتووە بەدەستھێنانێکی گەورەیە و کاردەکاتە سەر کارەکانیان بۆ فراوانکردنی پتر. لە ھەرێمی کوردستانیش مانگانە بڕە پارەی خۆیان بەبێ دواکەوتن وەردەگرن، ئەمەش وایان لێ دەکات متمانەی زیاتریان ھەبێت بۆ جێبەجێکردنی وەبەرھێنانی ئایندەگیی کە دەیانەوێت لە رێگەیەوە بەرھەمیان بگەیەنینە دوو ھێندە لە میانی چەند ساڵی کەمی داھاتوو”.

کۆمپانیاکە بەمدواییانە رایگەیاندبوو کە بە ھۆی بوونی پڕۆژەی فراوانکردن و گەشەپێدان کە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێی کرد بڕی بەرھەمھێنانەکەی زیادیکردووە و ھەڵکەندنی بیری بەلسەم ٨ کۆتایی ھات و کۆی بەرھەم دەگاتە ٧٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھاوتا کە لە نۆ مانگی یەکەمی ئەو ساڵە گەیشتە ٦٢ ھەزار و ٢٥٠ بەرمیل نەوتی ھاوتا.

ھەروەھا لەو راگەیەندراوە ئەوەش ھاتووە کە کۆمپانیای بیرڵ پترۆلیۆم ئێستا چەند بیرێک لە ھەردوو کێڵگەی “خۆر مۆر” و “چەمچەماڵ” ھەڵدەکەنێت و بەنیازە کۆمەڵێک پلانی فراوانکردن جێبەجێ بکات بە مەبەستی زیادکردنی قەبارەی بەرھەمھێنانی لە غاز بۆ ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا و قەبارەی بەرھەمھێنانی لە شلە نەوتییەکان بگاتە ١٠ بۆ ١٢ ھەزار بەرمیل نەوتی ھاوتا لە میانی سێ ساڵی داھاتوو.