بەرهەمی گەنمی عێراق لە 2018دا یەك ملیۆن تۆن كەمیكردووە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایدەكات: بەراورد بەساڵی 2017 بەرهەمی گەنمی عێراق لە 2018دا یەك ملیۆن تۆن كەمی كردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی وەزارەتەكە، لە ساڵی 2017دا لە عێراق، سێ ملیۆن تۆن گەنم بەرهەمهێندرابوو، بەڵام ساڵی 2018، كەمیكردووە بۆ دوو ملیۆن و 178 هەزار تۆن.

مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2018 وەزارەتی بازرگانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی ئەمریكا واژوویان لەسەر هاوردەكردنی گەنم و برنج بۆ ماوەی شەش مانگ كردو بڕیارە لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵیشەوە بڕیارەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ساڵانە عێراق نزیكەی یەك ملیۆن تەن برنج و یەك ملیۆن تەن گەنم هاوردە دەكات و تاوەكو ئێستا نەتوانراوە بە بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆیی پێداویستەكانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دابین بكرێت.