به‌هۆی به‌رده‌وامی باران بارینه‌وه‌ زیادی مادی به‌ر چەندین ناوچه‌ ده‌كه‌وێت


ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی باران بارین ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، کاریگەری ئەو شەپۆلە تا ئێوارەی سبەی یەکشەممە بەردەوامی دەبێت و دواتر کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە.

شەوی رابردوو لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەھۆی باران بارینی بەخووڕ و بەردەوامەوە لافاو دروستبووە و چەندین ماڵ و رێگاوبانەکان زیانیان بەرکەوتووە.

لە پارێزگای سلێمانی ئەو ماڵانەی دەکەونە نزیک چەم و نزماییەکانەوە و ئاوەڕۆی سندووقی بۆ گەڕەکەکانیان نەکراوە زیانیان پێگەیشتووە و ئاو و لافاو چووەتە ماڵەکانیانەوە، ھەروەھا چەندین رێگای سەرەکی و پرد بەو ھۆیەوە رووبەڕووی زیان بوونەتەوە و رێگای ھاتوچۆ داخراوە.

شەوی رابردوو بەو ھۆیەوە پردێکی سەرەکی لەسەر رێگای دەربەندیخان ـ کەلار کە ناوچەی گەرمیان و دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بە شاری سلێمانی دەبەستێتەوە داڕوخا و ھاتوچۆ لەو رێگایەوە وەستا.

ھەروەھا پردێکی سەرەکی رێگای سلێمانی بۆ پێنجوێن و دەروازەی سەرەکی باشماخ بەھەمان شێوە داڕوخاو ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەو رێگا سەرەکییەش راگیرا.

ماوەی دوو رۆژە و بەھۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی سماقووڵی، ھاتوچۆی نێوان ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەولێر لەو ڕێگایەوە ئەستەم بووە.

لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە گوندی کەوبێن لە ناحیەی سەرکەپکانی قەزای رانیە بەھۆی باران بارینی زۆرەوە خانووی ھاووڵاتییەک داڕما و زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ و سبەی باران بارین بەردەوام دەبێت و ھەندێکجار بۆ لێزمە باران دەگۆڕێت، کاریگەری شەپۆلەکەش تا ئێوارەی سبەی بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی کەشناسی زۆرترین رێژەی باران بارین لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو، لە پارێزگای ھەولێر لە قەزای کۆیە بووە کە گەیشتووەتە ٦٤,٥ ملم و کۆی گشتی باران بارین لە ئەمساڵدا بۆ ٤١٢ ملم بەرز کردووەتەوە، لە پارێزگای سلێمانی لە قەزای دەربەندیخان بووە و گەیشتووەتە ٦٦,٢ ملم و گۆی گشتی باران بارینی بۆ ٣٣٦,٦ ملم بەرز کردووەتەوە، لە پارێزگای دھۆک لەناوچەی بجیل بووە کە ٧٠ ملم بووە و کۆی گشتی باران بارین لەو ناوچەیە لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٥٠٩,٥ ملم، ھەورەھا لە پارێزگای ھەڵەبجە بەرزترین رێژەی باران بارین لە ناوچەی تەوێڵە بووە کە ٦١,٤ ملم بووە و کۆی گشتی باران بارینی بۆ ٣٥٥,٤ ملم بەرز کردووەتەوە.