کونسوڵی فەخری ھەنگاریا لەعێراق سەردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی دەکات


به‌مه‌به‌ستی  ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەنێوان ھەنگاریاو ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، کونسوڵی فەخری هه‌نگاریا لەعێراق سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەکات.

رۆژی دووشەممە ١٢/٣، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێشوازیکرد لەعەباس النوری سەرۆکی ژووری بازرگانی هه‌نگاریاو کونسوڵی فەخری هه‌نگاریا لەعێراق‌و ماھیر عەزیز ئبراھیم نوێنەری ڕێکخراوە ناحکومیەکانی عێراق.

لەدانیشتنەکەدا سەرۆکی ژوور رایگەیاند “شاری سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی توانیویەتی لەڕوی پیشەسازیەوە لەسەرتاسەری عێراق یەکەم بێت کە چەندین کارگەی گەورەی تێدایە بەرھەمەکانیان پێداویستی ھەموو عێراق پڕدەکەنەوەو تواندراوە چەندین کارگەی مامناوەندو بچوک بکرێتەوە کە بەرھەمی ناوخۆیی زیادبکەن، لەئێستاشدا پێویستیمان بەچەندین جۆری دیکەی کارگە ھەیە کە دامەزرێت چونکە کەرەستەی ناوخۆی لەکوردستاندا زۆرە لەزۆربەی بوارەکاندا”.

ڕاشیگەیاند “ھیوادارین ھەنگاریا کاربکات بۆ ھێنانی کارگەی پێویست بۆ شاری سلێمانی‌و بتوانین پێکەوە کاری ھاوبەشبکەین تا دەرفەتی کارو بەرھەمی ناوخۆ زیادبکەین”.

سه‌رۆکی ژوور ئاماژەی بەوەشدا لەئێستادا لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەشی کشتوکاڵی کراوەتەوە کە دەمانەوێت گرنگی زیاتر بدەین بەکەرتی کشتوکاڵی، چەندین ڕوپێویمان ئەنجامداوە لەکۆکردنەوەی ئاماری خانوی پلاستیکی‌و ئاماری کێڵگە پەلەوەریەکان کردنەوەی خولی پێدانی زانیاری بەخاوەن خانوە پلاستیکیەکان، دەمانەوێت کەرتی کشتوکاڵی برەوەی زیاتری پێبدرێت.

لای خۆشیەوە عباس النوری، سەرۆکی ژووری بازرگانی هه‌نگاری عێراقی‌و کونسوڵی فەخری هه‌نگاریا لەعێراق ڕایگەیاند “ئێمە پێمانخۆشە کاربکەین تا بتوانین پێکەوە لەگەڵ بازرگانان و پیشەسازانی ھەنگاریا ئاشناتان بکەین بۆ کاری ھاوبەش و ئێمە ھەموو ھاوکاریەکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکەین”.

راشیگەیاند “پێمانخۆشە بازرگانانی ھەردولا ئاشنابن بەو کارانەی دەیانەوێت بیکەن، پێویستە ئێمە ھاوکاری یەکبین بۆ کاری ھاوبەش تا بتوانین کارگەکانی ھەنگاریا لەکوردستان بکرێنەوەو ھەردوولا سود لەیەکتر وەربگرین”.