“پشكی هه‌رێم له‌ بوودجه‌ی ٢٠١٩ی عێراق زیاد ده‌كات”

بەگوێرەی زانیارییەکانی شیروان میرزا، رێژەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ١٣،٩ لەسەد دەبێت و لە ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیش ١٤،٤ لەسەدە.

ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شیروان میرزا رایگەیاند “حکوومەتی عێراق سەرقاڵی دەستکارییکردن و ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لە رەشنووسی بوودجەی گشتی ٢٠١٩ی و دەیان خاڵیان وەکو تێبینی داوەتە حکوومەت بۆ چارەسەرکردنیان لەنێو رەشنووسەکەدا”.

شیروان میرزا وتی: “لە کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حکوومەت لە چەند رۆژی رابردوو، ٤٧ خاڵمان وەکو تێبینی و سەرنجەکانی ئەندامانی لێژنەکە لەسەر رەشنووسی بوودجەی ٢٠١٩ داوەتە حکوومەت و خاڵەکان بۆ ھەموو بەشەکانی رەشنووسەکە و ھی ھەموو ناوچەکانی عێراقن، لەو خاڵانە نۆ خاڵیان پەیوەندی بە داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، بڕیاریشە کۆبوونەوەی دیکەمان لەگەڵ حکوومەت ھەبێت، بەڵام تەواوکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی ئەو کۆبوونەوەیەی دواخستووە”.

ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شیروان میرزا سەبارەت بەو خاڵانەش روونیکردەوە” ئەو ٤٧ خاڵەی باسکراون چەندین تێبینیی ورد و باش و کاریگەرن و ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا بوودجەی ٢٠١٩ باشتر دەبێت لەوەی ئێستا ھەیە، بەگشتی ئەو نۆ خاڵەی پەیوەستن بەھەرێمی کوردستانەوە و ئێمە وەکو تێبینی داومانە بە حکوومەتی عێراق بریتیین لە؛ پشکی ھەرێم لە رەشنووسەکە کە زیادبکرێت، تەرخانکردنی بڕە پارە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کە قۆناغی ئاساییکردنەوەیەتی و بڕی ٨٥٠ ملیار دینار وەکو قەرەبووکردنەوە ماوە، زیادکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی ٢٠١٩، لابردنی ئەو چەمکە سیاسییانەی کە لە ھەیبەتی ھەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە وەکو ناوھێنانی ھەرێم بە سێ پارێزگاکە، ھەروەھا ناوھێنانی ھەڵەبجە وەکو پارێزگایەکی سەربەخۆ، سەرباری یەکلاییکردنەوەی موستەحەقاتی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن کە چەندین ملیار دۆلارە، پارەی جووتیاران، پارەی بەڵێندەران، خەرجیی سیادی، ھەروەھا پرسی نەوت و یەکلاییکردنەوەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا”.

شیروان میرزا ھەروەھا باسی لەوەشکرد کە پێویستە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا لەسەر مەسەلەی نەوت رێبکەون، چونکە ھێشتا دیار نییە کە حکوومەتی ھەرێم ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەی رۆژانە بۆی دیاریکراوە تەسلیمی بەغدای دەکاتەوە یان نا و گوتی: “ھەروەھا لە رەشنووسی بوودجە باس لە زیادە نەوتی سەرباری ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیل رۆژانەیە کراوە کە ئێستا ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات و دیار نییە ئەو ١٥٠ ھەزار بەرمیل زیادەیە چی لێ دێت و ھەرێم تەسلیمی بەغدای دەکاتەوە یان چۆن دەبێت؟”.

ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شیروان میرزا لە درێژەی لێدوانەکەیدا ھێمای بۆ ئەوەشکرد کە بەدواداچوونیان بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان کردووە و داوای زیادکردنیشیان کردووە و بەپێی قسەکانی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران رێژەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئامار و زانیارییەکانی دەزگای ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بریتییە لە ١٣،٩ لەسەد، ھەرچی بەپێی ئامار و زانیارییەکانی کۆمپانیای خۆراکە کە کۆبوونی خۆراک بەپێوەر وەردەگیرێت رێژەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان ١٤،٤ لەسەدە و گوتی: “بەگشتی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی ٢٠١٩ی عێراق زیاتر دەبێت لە رێژەی ئێستای کە ١٢،٦ە”.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ە باس لەوەش دەکات کە ئەگەر تێبینییەکانی لێژنەکەیان بەھەند وەربگیرێت ئەوا رەشنووسی بوودجەکە شیاوتر دەبێت و دەڵێت “داوامانکردووە کە ئەو بڕگانەی لە بوودجەی سیادی ھەن ١٤ بڕگەیان لاببرێن و بخرێنە سەر بوودجەی تەشغیلی، ھەروەھا پشکی پەرەپێدانی پارێزگاکان زیاتر بکرێت و ئەمەش بۆ ھەرێمی کوردستان باشتر دەبێت”.

لەبارەی نرخی نەوتیشەوە ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شیروان میرزا وتی: “نرخی نەوت لە دابەزیندایە و ئەمەش رەنگە کێشە بۆ عێراق دروست بکات، بەتایبەت کە ئابووری عێراق بەزۆری پشت بە نەوت وەکو سەرچاوەی سەرەکی داھاتەکانی دەبەستێت”.

شیروان میرزا لەکۆتایی لێدوانەکەیدا  باسی لەوەشکرد کە ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمیان کردووە و تێبینییەکانیان لێوەرگرتووە لەبارەی بوودجەوە و بیروڕایان ئاڵوگۆڕکردووە و داوای زانیارییان لە حکوومەتی ھەرێم کردووە لەبارەی نیازەکانی سەبارەت بە رەشنووسی بوودجەی ٢٠١٩ی عێراق.