پڕۆژە یاسای بودجە عێراق بۆ حکومەت دەگەڕێندرێتەوە


ماجدە تەمیمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەھاوپەیمانی سائیرون رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی نوێنەران چەندین گۆڕانکاری لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ دا ئەنجام دەدات و دەیگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت.

تەمیمی لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە پێویستە ئەو بەرنامانەی حکومەتی نوێی عێراق بەنیازە جێبەجێی بکات لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ دا رەنگدانەوەی ھەبێت و ئەو ئامانجانە بەدیبھێنێت کە بۆ خزمەتکردنی عێراقییەکان پلانی بۆ دانراوە، ھەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی نوێنەران چەندین گۆڕانکاری لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ دا ئەنجام بدات و دواتر بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا تێبنی و گۆڕانکارییەکان لە پڕۆژە یاساکەدا پەسەند بکات.

بەوتەی عەباس علێوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، ئەنجومەنی نوێنەران ٦٠ ھەزار پلەی وەزیفی دەکاتە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ ەوە و خشتە و میکانیزمی گونجاو بۆ دامەزراندنی فەرمانبەران دادەنێت.