نوێنەرانی کورد: ڕەشنووسی بوودجەی عێراق کارەساتە

نوێنەرانی کورد لە بەغدا پێیان وایە ئەو ڕەشنووسەی پڕۆژەیاسای بوودجە کە گەیشتووەتە پەرلەمان کارەساتە و پێویستە بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت، ڕەخنە و تێبینیی زۆرمان لەسەر بوودجە کۆ کردووەتەوە.

دوێنێ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی یاسای پڕۆژەبوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ی ڕەوانەی پەرلەمان کرد، کورد زۆرترین ڕەخنە و تێبینیی لەسەر پڕۆژەکە ھەیە. دکتۆر ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕوونی کردەوە: “پڕۆژەکە گەیشتووەتە دەستمان و خوێندوومانەتەوە، بەداخەوە تا بڵێی ڕەخنەمان لەسەر پڕۆژەکە ھەیە و ھەموویشیمان تۆمار کردووە.”

لەوبارەیەوە دکتۆر ئەحمەد سەفار، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: “ئەمەی ھاتووە بۆ پەرلەمان کارەساتە نەک بوودجە، چونکە پێشێلکاریی زۆر گەورەی تێدایە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، دواتر بۆ عێراق بەگشتی خراپە و زیانی دەبێت، پێویستە پڕۆژەکە لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و ھەموار بکرێتەوە.”

دکتۆر ڤیان سەبری دەڵێت: “پڕۆژەکە نە ناوی ھەڵەبجە، نە ناوی پێشمەرگەی تێدا نییە، تەنانەت ناوی ھەرێمی کوردستان بە پارێزگاکانی باکووری عێراق ھاتووە کە ئەوە لای ئێمەی کورد قبووڵ نییە، بەڵام ھێشتا لیژنەی دارایی و یاسایی دیاری نەکراون لە پەرلەمان، لەگەڵ دروستبوونی لیژنەکان ئێمەش دەست بە ھەنگاوەکان دەکەین و بەو پرۆژەبوودجەیە ڕازی نابین.”

دکتۆر ئەحمەد سەفار پێی وایە، ئەمەی کراوە ئیشی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقە و وتی: “ئەگەر سەرۆکایەتیی ئێستای ئەنجومەنی وەزیران ئەمەی کردبێت لادانە لە دەستوور، بەڵام من خۆم گومانم لەوە نییە کاری حەیدەر عەبادییە و پێویستە بگەڕێندرێتەوە و بە ڕێککەوتن ھەموار بکرێتەوە، چونکە جگە لەو ھەموو زۆڵمەی لە نێو پڕۆژەیاسای بوودجەدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان کراوە، دوای دەرکردنی نەفەقاتی سیادی ١٢% وەک پشکی ھەرێمی کوردستان دانراوە.”

دکتۆر ئەحمەد سەفار کە ھاوکات پسپۆڕی ئابووریشە، ڕوونی کردەوە: “ئەگەر لە دەرەوەی پەرلەمان ڕێککەوتن لەبارەی پرسی پڕۆژەیاسای بوودجەوە نەکرێت، ئەوە لە پەرلەمان ئێمە ناتوانین ژمارەکان بگۆڕین، لەبەر ئەوە پێویستە شاندێک لە ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات و بگەنە ئەنجامێک، چونکە ئەگەر بکەوێتە دەنگدانەوە ئێمە وەک کورد ژمارەی کۆرسییەکانمان ئەوەندە نییە کاریگەریمان لەسەر ڕەتکردنەوەی بوودجە ھەبێت.”