ئێران بۆ یەکەمجار نەوتی لە رێگەی بۆرسەوە بۆ فرۆشتن خستەڕوو

هەفتەیەک بەرلە سەپاندنی قۆناغی دووەمی سزاکان لە لایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێراندا لە پێنجی تشرینی دووەمی داهاتوودا کە کەرتی نەوت لەو وڵاتە دەکاتە ئامانج، وەزارەتی نەوتی ئێران بۆ یەکەمجار لە رێگەی بۆرسەی وزەی تارانەوە نەوتی بۆ فرۆشتن خستەڕوو.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی نەوتی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، داواکاریی خواستی کڕین (ئۆردەر)ی نەوتی ئێران لە رێگەی بۆرسەی وزەی تارانەوە، ناکرێت لە ٣٥ هەزار بەرمیل کەمتر و لە ١٠٠ هەزار بەرمیل زیاتر بێت.

لەو رێکارەدا کە وەزارەتەکە گرتوویەتییە بەر، مەرجی ئەوە دانراوە کە پێشەکی بڕی لەسەدا ١٠ی کۆی گشتیی نرخی نەوتی داواکراو بنێردرێت و نزمترین نرخ بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بریتییە لە ٧٩ دۆلار و ١٥ سەنت و بەرزترین نرخیش بە پێی هەڵکشان لە نرخەکاندا دیاریی دەکرێت.

شێوازی فرۆشتنی نەوتەکەش لەسەدا ٢٠ی بە ریالی ئێرانی دەبێت و لەسەدا ٨٠ەکەی دیکە بە دراوی دیکە و بە قەرز دەبێت.

ئاماژە بەوەدەکرێت لە رێگەی ئەم رێکارەوە ئێران ئامانجییەتی بەر لە سەپاندنی قۆناغی دووەمی سزاکان بەسەریدا، بەهای نەوتی وڵاتەکەی بەرزبکاتەوە و دەستەبەری ئاڵوگۆڕی نەختینە بکات.