وەزارەتی نەوتی عێراق ھەناردەی نەوتی کەرکوکی بۆ ئێران راگرت

دوای راگرتنی ھەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران، بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق بەھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم نەوتی کەرکوک رەوانەی بەندەری جەیھانی تورکیا بکات.

دوای ئەوەی  عێراق و ئێران لەمانگی کانونی یەکەمی رابردوو رێککەوتن لەسەر ئەوەی رۆژانە ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بەتانکەر ڕەوانەی ئێران بکرێت، دوای چەند مانگێک لە بەردەوامی لەبەردەمی پڕۆسەکە لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتی عێراق وەک پابەندبوونێک بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بڕیاریدا ھەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران رابگرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا ھەرێم و بەغداد رێککەوتوون لەسەر ئەوەی نەوتی کەرکوک بە رێگەی بۆری ھەرێم رەوانەی بەندەری جەیھان بکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە پێش ریفراندۆم نەوتی کەرکوک بەبڕی نزیکەی ١٥٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە رەوانەی تورکیا دەکراو داھاتەکەشی دەگەڕایەوە بۆ حکومەتی ناوەند.

لە چەند ساڵی رابردوودا دانیشتوانی کەرکوک گلەیی ئەوەیان ھەبووە داھاتی نەوتی شارەکە وەک پێویست بۆ خزمەتکردنیان سودی لێوەرنەگیراوە.