قەیرانی ئاو لەعێراقدا قوڵبۆتەوە و زەوییە بەرهەمدارەکان بەرەو بیابان بوون دەڕۆن

قەیرانی ئاو لەعێراقدا قوڵبۆتەوە و لەتێكچونی بەردەوامدایە بەهۆی نەبونی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ کردنەوە، لێرەدا جوتیارەکان کێشەی زۆریان بۆ دروستبوە و بەو هۆیەوە ناتوانن بەرهەمی دانەوێڵە و جۆرەکانی دیکەی کشتوکاڵ کردن لەزەوییەکانیاندا بەدەستبهێنن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گاردیان قەیرانی گەورەی ئاو لە عێراقدا وایکردەوە حکومەت زەوییە کشتوکاڵیەکانی ڕابگرێ و بەرهەمیان تێدا پەیدانەکات، هەموو کشتوکاڵی برنج ڕاگیراوە و، بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵیەکان بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوە لەزەوی بەرهەمدارەوە بەرەو بیابان و وشکەڕۆیی دەڕۆن.

لەساڵی ٢٠١٣ ەدا نەتەوە یەکگرتوەکان ڕاپۆرتێکی ساڵانەی لەسار باری ژینگەیی و سەرچاوەکانی ئاو لەناوچەکەدا ئامادەکردوە، لەو ڕاپۆرتەدا نەتەوە یەکگرتوەکان عێراقی ئاگادارکردۆتەوە کە پلانی دروستکردنی ئاو گلدانەوە لەجۆری (سەدد) جێبەجێبکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی کەمبونەوەی ئاو، کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە سەرچاوەکانی ئاوی لەوڵاتەکانی دروسێیەوە پێدەگات و، هەرکاتێک ئەوان ئاوەکە بگرنەوە کێشەی کەم ئاوی بۆ عێراق دێتەپێش هەروەکو ئەوەی ئێستا ڕوویداوە.

عێراق بەهۆی کێشەکانی ناوخۆیەوە و، بەهۆی شەڕەوە و زۆری گەندەڵیەوە نەیتوانیوە پلان بۆ چارەسەری کێشەی کەم ئاوی دابنێ، شارەزاییان دەڵێن لەڕابردوودا کەمتەرخەمی گەورە لەبواری پلاندانان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کەم ئاویلەعێراقدا هەبوە، وە حکومەتی نوێی عێراق ئەرکی گەورەی لەسەردەبێ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەم ئاوی.

حکومەتی عێراق کێڵگەکانی برنجکردنی ڕاگرتوە و لەو بارەیەوە (حەمید ئەلنایف) وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وتی، پلانەکانی کشتوکاڵکردنی هاوینەی دەستکاریکراوە چونکە ئەو بڕە ئاوەی پێویستە بۆ کشتوکاڵ کردن لەبەردەستدانیە.

دیجلە و فوڕات لە تورکیاوە و، زێی بچوک لەئێرانەوە ئاوی عێراق دابین دەکەن، ئەو دوو وڵاتە سەددی پێویستیان لەناو وڵاتەکانی خۆیاندا دروستکردوە و کێشەی کەم ئاویان بۆ عێراق دروستکردوە.

لەئێستادا ئاستی ئاوی دیجلە و فورات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە، وە زێی بچوک کە لەئێرانەوە دێت ئەویش دواتر دەڕژێتە ناو ڕووباری دیجلەوە و هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات نزیکەی (٩٨%) ی ئاوی وڵاتی عێراق پەیدادەکەن، وە بەکەمبونەوەیان مەترسی گەورە لەسەر سامانی ماسی و، کشتوکاڵ کردن و، هەروەها ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیان دروست دەکەن.

عێراقیەکان نیگەرانن لەدروستکردنی ئەو سەددانەی تورکیا و ئیران لەسەر ئاوی ڕووبارەکان، نیما تایگەر هاوڵاتیەکە و لەو بارەیەوە نوسیویەتی، بەهۆی دروستکردنی سەددی (ئیلسو) ی تورکیاوە زیان بەنزیکەی (٦٩٦ هەزار هێکتار) زەوی کشتوکاڵی لەعێراق دەگات، هەرکاتێک تورکیا ئاوەکە بگرێتەوە ئەو زەویانە لەبەرهەم دەوەستن، وە بەتەنها مرۆڤ لەو کەم ئاویە زیانی پێناگات بەڵکو باڵندە و ئاژەڵ و، ماسیش لەناودەچن.

هەر نیما تایگەر لەتویتێکی دیکەدا نوسیویەتی، کاتێک ئێران زێی بچوکی گرتەوە بەهەزاران ماسی لەو ڕووبارەدا مردن و لەناوچون، لەهەمان ئەو کاتەدا تورکیایش سەددی (ئیلسو) ی خستە ئیش پێکردن و ئەو بەشە ئاوەی کە دەگەیشتە عێراق وشکی کرد.

لەکاتی کەمبونەوەی ئاوی دیجلە، خەڵکی بەپێ و بەناو ئاوی دیجلەدا توانیویانە ئاوەکە ببڕن و بپەڕنەوە و ئاستی ئاوەکە لەو کاتەدا تاوەکو ئەژنۆیان هاتوە، ئەوە شتێکی دەگمەن بوە لەڕووباری دیجلە ڕوویداوە.

شیاوی باسکردنە، جوتیارانی کشتوکاڵ لەعێراق نیگەرانن کە حکومەت هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ پاراستنی بەشە ئاوی عێراق کە لەتورکیا و ئێرانەوە پێیان دەگات، چونکە بەپێی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان عێراق دەتوانێ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە بۆ ڕێکەوتنەکانی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دروسێیدا بکات و سکاڵایان لەسەر بەرزبکاتەوە، هەڵبەتە ئەوە پەیوەستە بەمەترسی و هەڕەشەی مرۆیی لەسەر هاوڵاتیەکانی و دەتوانێ کاری باش لەسەر ئەو بابەتە بکات.

بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان کێشەی کەمبونەوەی ئاوی ناوچەکانیان بۆ پابەندنەبونی تورکیا و ئێران بەبەرنەدانەوەی ئاوی پێویست بۆ عێراق دەگەڕێننەوە، تورکیا لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا نزیکەی (٢٢) سەددی لەسەر ئەو سەرچاوانەی ئاو دروستکردوە و کەدێنە عێراق، هەروەها نزیکەی (١٩) کێڵگەی دروستکردنی وزەی لەسەر ئەو ئاوانە دروستکردوە. هەروەها ئێرانیش بەهەمان شێوە سەددی لەسەر ئاوی زێی بچوک دروستکردوە و هەردوو وڵاتەکە بەنیازن ئاوی عێراق وەکو چەکێکی ناوچەیی بەکاربهێنن کەبەشێک لەبەرپرسانی تورکیا و ئێران ئەوەیان پشتڕاستکردۆتەوە کە لەداهاتودا ئاو دەدەن بەنەوت.

لەسەرەتای مانگی حوزەیراندا هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا سەددەکانیان ئیش پێکرد و ئاویان گلدایەوە، بەرپرسانی سەددەکان لە عێراق دەڵێن لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو ئاوەی دەڕژێتە عێراقەوە بەڕێژەی (٥٠%) کەمیکردوە.

هەر لەبارەی چارەسەری کێشەی کەم ئاویەوە، شوان محەمەد پرۆفیسۆری تایبەت بەڕێکخستنی ئاو لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، حکومەت پێویستە سەددی زیاتر دروستبکات و ئەوانەی پێشتریش هەیبون چاکیان بکاتەوە و باشتریان بکات.

هەروەها وتیشی، پرۆسەی دروستکردنی سەددەکان لەساڵەکانی (١٩٩٠) ەکانەوە ڕاگیراون بەهۆی جەنگی دووەمی کەنداوەوە و سزای نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لەسەر عێراق، هیچ کام لە سەددەکانی عێراق توانای پڕبون و خەزنکردنی زۆرترین ئاویان نیە لەسەدەی (٢١) دا.

لەڕاستیدا بۆ ماوەی چەند ساڵێکە عێراق کێشەی کەم ئاوی لێ پەیدابوە و سەرچاوەکانی ئاوی لەکەمبونەوەدایە بەڵام بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەو کێشەیە پشتگوێ خراوە و کاری لەسەر نەکراوە و، هەروەها وەکو هەڕەشەیەکی گرنگ نەخراوەتە پلانەکانی ڕووبەرووبونەوەوە بۆ نمونە وەکو هەڕەشەکانی شەڕی داعش، بۆیە عێراق لەسەریەتی کە پلانی خێرا و ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی کەم ئاوی دابنێ و ڕێگانەدات زەوییەکانی بێ بەرهەم و وشکەڕۆ ببن و جوتیارەکانیش زیانیان پێبگات.