ئەمریكا 5 كۆپتەری نوێ بەعێراق دەفرۆشێ

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند پێنج كۆپتەری نوێ بەبڕی 82 ملیۆن دۆلاری ئەمریكا بەحكوومەتی عێراق دەفرۆشێت.

ئاژانسی ئاسایشی بەرگری سەر بەوەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند كە رەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر فرۆشتنی پێنج كۆپتەری سەربازیی نوێ بەلایەنی عێراقی، كە كۆی نرخەكانیان دەگاتە 82 ملیۆن دۆلار.

ئاژانسەكە ئەوەشی راگەیاندووە كە كۆپتەرەكان لەجۆری (بێڵ – 407)ن، كە چەكی رەشاش هەڵدەگرێ و سیستەمێكی پەیوەندیكردنی پێشكەوتووی تێدایە.

ئەمریكیەكان رایانگەیاندووە ئەم كۆپتەرە یارمەتی هێزە سەربازییەكانی عێراق دەدات بۆ بەرگریكردن لە ئاسایشی وڵاتەكەیان دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر ئاسایشی وڵاتەكە.