بانکی ناوەندیی عێراق جۆرێکی نوێ دراو دەخاتە بازاڕەوە


بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە (٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە جۆرێکی نوێ لە دراوی هەزار دیناری دەخاتە بازاڕەوە.

لە بەیاننامەکەی بانکی ناوەندیی عێراقدا هاتووە “بڕێکی زۆر لە دراوی بچووک دەخرێتە بازاڕەوە بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێویستییەکانی مامەڵەی ڕۆژانە و ئەو مادەیەش کە تیایدا بەکارهاتووە جۆرایەتییەکەی گۆڕاوە بۆ باشتر.”

بانکی ناوەندیی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک گۆڕانکاریی ساکار لە شێوەی دراوە نوێیەکەدا کراوە و لە هەفتەی داهاتوەوە دەخرێتە بەردەست بۆ مامەڵە پێوەکردن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، شێوە کۆن و نوێیەکەش پێکەوە کاریان پێدەکرێت بەبێ جیاوازی.

ئەوە لەکاتێکدایە دراوی جۆری هەزار دیناری بەهۆی ئەوەی ڕۆژانە مامەڵەیەکی زۆری پێوە دەکرێت لە بازاڕدا، بڕێکی زۆری دڕاوە و هەندێکجار بووەتە کێشە بۆ کڕیار و فرۆشیار.