“پێویستە لەڕێگەی ئامێری پەوەندیەوە،خاڵە سنوریەكان ئاگایان لەیەكتربێت”

سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند خاڵە سنوورییەكانی هەرێم ئاگایان لەیەكتر نیەو پێویستە بەتۆڕێك پێكەوە گرێ‌ بدرێن.
لەمیانی كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیراندا، ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: ” خاڵە سنوورییەكان وەك پێویست ئاگاداری یەكتر نین و بەیەكەوە گرێ نەدراون، هەروەها پێویستیان بە ئامێرو دامودەزگای تایبەت هەیەو هەر دوێنێ لایەنە پەیوەندارەكانمان ڕاسپارد بۆ ئەوەی دەستبەجێ دەست بەدابینكردنی ئەو پێداویستیانە بكرێت.
ئەو قسانەی بارزانی دوای ئەوەیە كە دوێنێ‌ یەكشەممە بەسەرۆكایەتی وەفدێكی حكومی سەردانی ناوچە سنوورییەكانی هەڵەبجەو پێنجوێنی كرد.
 بارزانی لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا وتی: “دەبێ هەموو مەرزو خاڵە سنوورییەكان بە سیستەمێك پێكەوە گرێ بدرێن و هاتوچۆو مانەوە لەهەموو كوردستان ببێتە یەك سیستەم و بەتۆڕێك پێكەوە گرێ بدرێت، حكوومەتیش هەموو پێداویستییەكانی دامەزراندن و دەستبەكاربوونی ئەم سیستەمە دابین دەكات”.
 دەربارەی ئەو پرۆژە یاسایانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادە دەكرێن، سەرۆك وەزیران تەئكیدی لەوە كردەوە كە بەپێی دەستووری عیراق، هەرێمی كوردستان ئەو مافەی هەیە یاساكانی خۆی بەپێی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دابڕێژیت و مەرج نیە دەقاودەق یاساكانی بەغدا جێبەجێ بكات، بۆیەشە دەبێ سوود لەو مافە دەستوورییە وەربگیرێت و هەموو پڕۆژە یاساكان لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا و به ‌ڕەچاوكردنی ڕەوشی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا؛ ئامادە بكرێن.