پڕۆژەی کلتوری کارگەی جگەرەی سلێمانی

تێگەیشتنی بڕیاردەران بۆ کلتور لە مەحەک دەدات!
 
کۆمەڵێک شارەزایانی کلتور خەریکی ئەوەن کە کارگەی جگەرەکەی سلێمانی بکەن بە سەنتەرێکی کلتوری ئەڵتەرناتیڤ، لە ئێستادا هیوایەک بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆژەکە لە ئارادایە. ئەوەندی من ئاگادار بم ئەم پڕۆژەیە پێشکەوتووترین و تازەترین جۆری پڕۆژەی کلتوری ئەڵتەرناتیڤە، نەک لە کوردستان و عێراق بەڵکو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا.
ئەم پڕۆژەیە کار لەسەر ئەم چەند خاڵە دەکات “چالاکی پراکتیکی و تیۆری هەمەلایەنەی کلتوریی، هەوڵدان بۆ گەشەکردنی توانای ئابوری کلتوریی، چالاکی ژینگەیی وە هەروەها دروستکردنی پارک و شوێنی یاری منداڵ و گەنج ….. ” ڕاستە کلتور ئەوەیە کە هەیە و ژیانی ڕۆژانەمانی لە هەموو کونجێکەوە لەسەر درووست دەبێت، بەڵام بەچاوخشانێکی خێرا بە ناو کلتوری ناوچەکەو لۆکاڵدا بۆمان دەردەکەوێت کە پێویستیەکی هەنووکه‌یی هەیە، بۆ گۆڕانکاری و تازەبوونەوەی کلتوری کە هاو ئاهەنگ بێت لەگەڵ پێویستیەکانی ئەم سەردەمەو گەشەکردنی بیری مرۆڤایەتی. ئەم چەند دێڕە ناتوانێت و کاریشی ئەوە نی یە کە مانای کلتور و کلتوری ئەڵتەرناتیڤ بناسێنێت، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ناساندنی پڕۆژەیەک کە لەهەموو ئاستەکاندا دەتوانێت ببێتە بەردی بناغەی داڕشتن و درووستکردنی فەزایەکی کراوە تر، بۆ گوزارشت لەخۆکردن و پیشاندانی ئەو بەهرەو هزرانەی کە لەدەرەوەی دنیای کلتوری باودان و زۆر جار ژێرزەمینی کار دەکەن. پڕۆژەی کلتوری کارگەی جگەرەکە دەیەوێت ئەو بەهرەو هزرانە لە فشارو تێڕوانینی سیاسی و کلتوری باو بەگشتی دەربێنێت، شانسێکیش بدات بە جیهانی بوون و هاتنه‌ دەرەوەی ئەو بەهرەو توانایانەی کە دڵنیام زۆرن و ناتوانن خۆیان نیشان بدەن.
ئەگەر دەزگاو کەسانی خاوەن بڕیار ئەم پڕۆژەیە بەهەند وەربگرن و بەو شێوازە جێبەجی بکرێت کە پلانی بۆ دانراوە، دەتوانرێت پڕۆژەکە جیهانی بکرێتەوەو لەو ڕێگەیەوە وێنەیەکی جوان لە خەڵکی کوردستان نیشان بدەین. ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت لەڕێگەی ئازادی کاریەوەو پاڵپشتی دەوڵەتەوە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە شارەزایانی کلتوری وفکری و کلتورناس لە هەموو جیهانەوە بێنێتە سلێمانی و ئێمەش وەک بەشێک لە جیهانی مۆدێرن نیشان بدات، ئەمەش باسی کلتور و ئابووری دێنێتە پێش کە پڕۆژەیەکی لەو بابەتە دەتوانێت، پشتیوانەیەکی باشی ئابووری بۆ شاری سلێمانی درووست بکات.
 ئەم پڕۆژەیە زیاتر ڕووی لە گەنجانە، کچان و کوڕانی ناوچەکە پڕن لە داهێنان و توانای بێسنوور، ئەوەی کە ڕێدەگرێت لە دەرنەکەوتنی ئەم بەهرانە تەنهاو تەنها نەبونی سیاسەتێکی کلتوری گونجاوە لەلایەن حکومەتەوە. ئەم پڕۆژەیە کاری بە سیاسەت و فڵان وفیسارەوە نی یە، دژایەتی بە هیچ لایەنێک و جۆری بیرکردنەوەیەک ناکات، کار ئاسانی بۆ دەرخستنی تواناکان و داهێنانەکان ده‌کات.
پڕۆژەی کلتوری کارگەی جگەرەکە، لەبەرئەوەی کە لە لۆکاڵ وپانتاییەکی گەورەی وەک کارگەی جگەرەکەدا درووست دەبێت! دەتوانێت لە بواری جۆراو جۆری کلتوریدا کاربکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە کارگەی جگەرەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و دەبێتە سەنتەرێکی مێژوویی سلێمانی. کارگەی جگەرەکە بەشێکە لە ویژدان و بیرەوەری خەڵکی ئەم ناوچەیە، ئێستاش بۆنی توتن کە لە کرێکارەکانی خزمو کەسوکارمان دەهات، به‌شێوه‌یه‌کی  قووڵ لە بیرەوەریماندا ماوە، سەدەها کرێکار وکارمەند لەو کارگەیەدا، دەیان ساڵ کاریان کرد و زۆربەیان لەژیاندا ماون، بۆیە بەشێکی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە مۆزەخانەیەکی تایبەت بە کارگەی جگەرەکە ، کە گوزارشت لە مێژویەکی گرنگی سلێمانی و ناوچەکە ده‌کات. ئەم پڕۆژەیە سەنگی مەحەکە بۆ بڕیاردەران، کە ڕێگە خۆش بکەن و یارمەتی دەربن لەبنیاتنانی پڕۆژەیەکی کلتوری ئەڵتەرناتیڤ لە کوردستان، کە لە ڕێگەیەوە بە جیهانی ببینەوە و توانا داهێنەرەکان بناسرێن و لایەنێکی تازەی کاری شارستانی لەخۆمان نیشان بدەین.