نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەرە بە یەک ملیۆن و ١١٣ هەزار تمەنی ئێرانی


بەهای تمەنی ئێرانی ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەرە بە یەک ملیۆن و ١١٣ هەزار تمەنی ئێرانییە.

دابەزینی تمەن بۆ ئەم ریکۆردە نوێیە لە کاتێکدایە، دوێنی سەد دۆلاری ئەمەریکی بە یەک ملیۆن تمەنی ئێرانی ئاڵوگۆڕی پێوەکرا.

لە دوای بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ نوێکردنەوەی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران، لە رێکەوتی ٨ ی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، سەرکردە باڵاکانی ئێران و ئەمەریکا بە بەردەوامی لێدوانی دژ بەیەک و هەڕەشە ئامێز ئاراستەی یەکدی دەکەن، لە لێکەوتەی ئەو بڕیارەی ترەمپیشدا، ئێران رووبەڕووی هەڵئاوسانی ئابوری و داكشانی بەهای دراوەکەی بووەتەوە.
 لەدوای ساڵی ٢٠١٦ ەوە زیاتر لە ٥٩ ملیار دۆلار لە سەرمایەی نیشتیمانی ئێران چووەتە دەرەوە، ئەوەش دەکاتە سەدا ٨٣ ی داهاتی هەناردەی ساڵانەی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران، تەنها لە ماوەی دوانزە مانگی رابردوودا ٣٩ ملیار دۆلار لە سەرمایەی گشتی ئێران براوەتە دەرەوە و لە وڵاتانی دیکەدا  بازرگانی و مامەڵەی پێوەکراوە.
 
دیارنەمانی ئەو بڕە پارە زۆرە لە بانکەکانی ناوخۆی ئێراندا، قەیرانی دارایی لەو وڵاتە زیاتر قوڵکردووەتەوە کە دەکاتە سەدا ٨٣ی کۆی گشتی داهاتی ساڵ لە داهاتی سەرچاوەکانی ئێران جگە لە هەناردە نەوتییەکان.

هەرچەندە بەرپرسانی ئێران بەبەردەوامی ئەمەریکا تۆمەتبار دەکەن و بە جەنگێکی ئابوری دروستکراوی لەقەڵەمدەدەن، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی کرداریی هیچ هەنگاوێکیان بۆ رێگریی لە هەڵئاوسانی ئابوریی وڵاتەکەیان بەدیی ناکرێت.

ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگری ئێران ئەو بارودۆخە بە دەرفەت ناودەبات و دەڵێت” دوژمنان هەوڵدەدەن بە فشارخستنەسەر ئێران، وای لێبکەن سەریان بۆ دانەوێنێت، بەڵام ئێمە باش دەزانین چی شتێک بە مێشکی ئەواندا دێت”.

مانگی نیسانی ئەمساڵ، حکومەتی تاران دامەزراندنی بازارێکی دراوی ئەلکترۆنی “ئەزموونی” دەستپێکرد و چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند بۆ رووبەڕووبونەوەی سزاکانی ئەمەریکا دەیخاتە بواری جێبەجێکردن.

بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، بانقی ناوەندیی ئێران بە پشتبەستن پسپۆر و شارەزا ناوخۆییەکانی، دراوی ئەلکترۆنی پێشدەخات و دەیخاتە بازاری دراوەوە.

عەلی رەزا دالیری بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆژیای نوسینگەی سەرۆکایەتی ئێران لەو بارەیەوە وتویەتی” هەوڵی رەخساندنی هەلومەرجی پێویست دەدەین لە وڵاتدا بۆ خستنەگەڕی دراوی ئەلکترۆنی خۆماڵی”.

“ئەم دراوە، ناردن و وەرگرتنی پارە لە ئێرانەوە بۆ هەر جێگایەکی دیکە و بە پێچەوانەشەوە ئاسان دەکات، و کاریگەریی سزا ئابووریەکانی ئەمەریکاش لەسەر ئێران کەمدەکاتەوە” عەلی رەزا وای وت.

خه‌ندان