عێراق.. ھێرشە تیرۆریستییەکان ماوەی پێدانی کارەبای کەمکردووە

یەکێک لە ھۆکارەکانی پچڕانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگەڕێتەوە بۆ کاری تێکدەرانە و ھێرشی گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە بۆ سەر تەزووی کارەبا. 

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای کەرکووک، یاڵچن مەھدی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە “گرووپە تیرۆریستییەکان بە تایبەتی ھێڵەکانی تەزووی بەرز لە نێوان شارەکان دەکەنە ئامانج و ئەمەش دەبێتە هۆی پچڕانی کارەبا”. 

یاڵچن مەھدی راشیگەیاند کە، بە تایبەتی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، تەزووی کارەبای بەرز له‌نێوان شارەکانی بەسرە-بەغدا و کەرکووک – دیالە کراونەتە ئامانج. 

راشیگەیاند کە بەھۆی ھێرشە تیرۆریستییەکانەوە رۆژانە ١٢ کاتژمێر کارەبا لە شاری کەرکووک دەپچڕێت و ئەم ماوەیەش ھاووڵاتییان پێویستی کارەبا لە رێگەی مۆلیدەی گەڕەکەکانەوە دەستەبەر دەکەن. 

مەھدی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو کارمەندانەی بۆ نۆژەنکردن و چاککردنەوەی کارەبا دەچنە ناوچەکە، ئەوا رووبەڕووی ھێرشی تیرۆریستی دەبنەوە. گوتیشی: “بەم ھۆیەوە کارەکانی چاککردنەوە چەندین رۆژ دەخایەنێت. بەم پێیەش خزمەتگوزاری پێدانی کارەبا لە شاری کەرکووک چەندین رۆژ دوا دەکەوێت”. 

لە ٦ی تەمووزی رابردوو، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، موسعەب ئەلمودەریس، لە لێدوانێکیدا، رایگەیاندبوو کە بەھۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانی عێراق، دوێنێ وڵاتی ئێران، بڕی ھەزار مێگاوات کارەبای لەسەر عێراق بڕیووە و، بەمەش ماوەی پێنەدانی کارەبای لە شارەکانی میسان و زیقار و بەسڕە درێژ کردووەتەوە.