لە شەش مانگدا بەهای تمەن بەرێژەی 120% دابەزیوە


د. وەحید شەقاقی، مامۆستای ئابووریی زانکۆی خارەزمیی تاران، ئاماژەی بە دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی لە چەند مانگی ڕابردوودا کردووە و دەڵێت: بەهای دراوی پارەی ئێرانی لە شەش مانگی ڕابردوودا 120% دابەزیوە.

بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی (ئیسنا)ی ئێرانی، ئەو شارەزایەی بواری ئابووری پێی وایە ئاستی هەڵاوسانی ئابووریی ئێران هەتا کۆتایی ساڵی هەتاوی لە گەشبینانەترین حاڵەتدا 20%ە، دەنا ئەو ڕێژەیە دەگاتە 50%یش، و دەڵێت: لە دۆخی ئێستا هەڵاوسانی ئابووری پلە بە پلە دەردەکەوێت، واتە ئەگەر بێت و بەراوردێکی وردی یەک مانگی ئەمساڵ لەگەڵ هەمانگی ساڵی ڕابردوو بکەین، بە ڕوونی ئەو داڕمانە دیارە.

شەقاقی بە ئاماژە بەوەی کە لابردنی “سفر”ێک لە پارەی نیشتمانی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەها و سەنگی ئەو پارەیە لە پێگەی ئابووریدا نابێت و دەڵێت: “لە ئابووریی ئەو وڵاتانەی کە بەهای دراوەیان بە خێرایی دادەبەزێ و لە ئەنجامدا توانایی کڕین کەم دەبێتەوە، لابردنی سفر لە پارە، پاش تێپەڕاندنی قەیران و گەیشتن بە سەقامگیریی ئابووری، دەتوانێ ببێتە ورەیەکی ئەرێنی لەناو کۆمەڵگە، کە واتە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان لە خستنە بەرباسی لابردنی سفرێک لە پارەی نیشتمانی ئەوەیە، کە لە کاتی ئارامیدا جێبەجێ بکرێ، نە ئەوەی لە ناوەڕاستی قەیران چەند سفرێک لە پارە کەم بکرێتەوە”.

پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و کەوتنەوە گەڕی بەشێک لە گەمارۆ ئابووری و سیاسییەکانی سەر ئێران و کشانەوەی گەورە کۆمپانیا جیهانییەکان لەو وڵاتە، ڕەوشی ئابووری و بازرگانیی ئێران قەیراناویتر بووە و بە جێبەجێکردنی گەمارۆی سەر کەرتی نەوتی ئێران کە بڕیارە لە مانگەکانی داهاتوودا لەلایەن ئەمریکاوە بخرێتە بواری جێبەرجێکردنەوە، دۆخرکە خراپتر دەکات.