هه‌فته‌ی داهاتوو له وڵاتی تووركیا كۆنگره‌ی ئاوی عێراق به به‌شداری نوێنه‌رانی حكوومه‌تی عێراق و كوردستان و تووركیا به‌رِێوه‌ده‌چێت.
ماجید ده‌باغ به‌رِێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو رايگه‌یاند: برِیار وایه له‌رۆژانی 11 و 12 ی ئه‌م مانگه له‌وڵاتی تووركیا به‌به‌شداری وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی كوردستان و نوێنه‌رانی حكوومه‌تی تووركیا و عێراق و كوردستان و ده‌یان شاره‌زای ئه‌م بواره كۆنگره‌ی لوتكه‌ی ئاوی عێراق به‌رِێوه‌بچێ، تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی له‌باره‌ی دانانی نه‌خشه‌رِێگایه‌كی تایبه‌ته بۆ سوودوه‌رگرتن له سه‌رچاوه‌كانی ئاو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها ئامانجێكی تری كۆنگره‌كه هێنانی كۆمپانیا بیانییه‌كانی ئه‌و بواره‌یه تاكو له عیراق و هه‌رێمی كوردستان كاربكه‌ن، بۆ دروستكردنی پرۆژه‌ی ئاودێری گه‌وره له هه‌رێمی كوردستان كه سوودی بۆ ته‌واوی عیراق ده‌بێت.
هه‌روه‌ها وتی: پرۆفیسۆر سیروان بابان وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی كوردستان به‌شدار ده‌بێت و وتارێك پێشكه‌شده‌كات كه له سێ ته‌وه‌ر پێكدێت، له‌وانه زیادكردنی قه‌باره و برِی ئاو، ئه‌ویش به دروستكردنی به‌نداوه‌كان كه له‌كاتی ئێستادا 14 به‌نداون له‌گه‌ڵ دیزاینی دروستكردنی چه‌ند به‌نداوێكی تر له سه‌ر قه‌رزی درێژخایه‌ن، وه‌زیری كشتوكاڵ له‌وتارێكیشدا باس له باشترین شێواز بۆ به‌كارهێنانی ئاو ده‌كات، تاكو گرنگی زیاتر به‌و سامانه نیشتمانییه بدرێت.