ئێران ڕۆژانە بەبەھای ٢٠ ملێۆن دۆلار بازرگانی لەگەڵ عێراق دەکات


بەرپرسێکی بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت پەیوەندیە بازرگانیەکان لەگەڵ ھەرێم بەرەو پێشچووە و توانراوە ڕێژەکە بەرزبکرێتەوە.

شاندی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی سلێمانی لەدووەمین ڕۆژی سەردانەکەیان لەکۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ژووری بازرگانی نێوان تاران و عێراق کۆبونەوە دەربارەی ئەو کێشەو گرفتانەی ھەیە لەنێوان ئێران و ھەرێمدا تا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

دکتۆر سید حمید حسێنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژووری بازرگانی عێراق ئێرانی لە تاران لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی ڕایگەیاند” خۆشبەختانە بازرگانی کردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراقدا زیاتر لە یەک ملیار و ٨٠٠ ملێۆن دۆلار ھاوردەو ناردنکاری ھەبووە”.

ڕاشیگەیاند”  ئەمساڵ بەھۆی کێشەی مەرزەکان و پشوەکانی نەورۆزەوە تائێستا ٤٠٠ ملۆن دۆلار زیاترە لەپار ساڵ، ئەتوانین بڵێین ڕۆژانە بە بڕی ٢٠ ملێۆن دۆلار بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێران ھەیە وە ھەناردەکردنمان بۆ کوردستان زیادی کردووە”.

ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بۆئەوەشکرد بە تەنھا لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨٠ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری گەورە ھەناردەکراوە لە پەروێزخانەوە، وە لەمەرزی تەمەکین ١٣٥ بارھەڵگر وە لە باشماغەوە ٣٨٠ بارھەڵگر وە ١١٠ بارھەڵگر لای مەریوانەوە ھەناردە کراوە ئەمەش وا دەردەخات پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ھەرێم زۆرباشە.

جەختیکردەوە” دەمانەوێت لە ئاوەدانکردنەوەی موسڵدا بەشداری بکەین و ھەنگاوی گەورە بنێین دوای ئاسای بونەوەی ڕەوشی عێراق”.

لای خۆشیەوە یاسین رەحیم فەرەج لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند” کۆماری ئیسلامی ئێران و ھەرێمی کوردستان دۆستایەتیان زۆر لەمێژە کە کۆمەڵێک کلتور و کاری ھاوبەش پێکیان دەبەستێتەوە بۆیە دەبێت حکومەتی ئێرانی بەشێوەیەکی فراوان کار بکات بۆ توندکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان بازرگانانی ھەرێم و ئێران”.

ڕاشیگەیاند” ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەموو ھاوکاریەکی بازرگانانی ئێران دەکات گەر پشگیری ژوورە بازرگانیەکانی پێبێت کە لێوەی دێت بۆلای ئێمە”.

شاندی بازرگانانی سلێمانی لە ٢٠ کۆمپانیای خۆراکی و کشتوکاڵی و پیشەسازی پێکھاتووە کە بەشدارن لە ٢٥ ھەمین پێشانگای نێودەوڵەتی خۆراک و کشتوکاڵی لەتاران بڕیارە شاندەکە تاڕۆژی سێ شەممە ٧/٣ بەردەومن .