سیروان محەمەد: یاسایی پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی بۆ پشتیوانیکردنی بەرھەمی ناوخۆ ده‌رده‌كرێت


 سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت ”بۆ پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی، یاسایەک جێبەجێ دەکرێت و باج و گومرگ دەخرێتە سەر چەندین بەرھەمی بیانی”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە (باس)ی راگەیاند: “حکوومەت بڕیاری داوە یاسای ژمارە ١١ی پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی بۆ پشتیوانیکردنی بەرھەمی ناوخۆ کە لە لایەن عێراق دەرکراوە، لە ھەرێمی کوردستانیش بچێتە واری جێبەجێکردنەوە”.

زیاتر وتیشی: “ئێستا ئەنجومەنی وەزیران خەریکی نووسینەوەی بڕیارەکەن بۆ جێبەجێکردنی لە کوردستان، ئەوەش مووژدەیەکی خۆشە بۆ کەرتی پیشەسازی و کەرتی تایبەت، چونکە بەھۆی نەبوونی یاسای پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی، زۆر کارگە داخراون”.

لە ھەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پڕۆژە ھەنە، لەوانە رۆنی زەیت و کارتۆن و ماست و سەندەویچ پەنەڵ و ھەندێک بەرھەمی تری خۆراکی، ھەروەھا لە شیش و چیمەنتۆ و پلاستیک و مافوور.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌: “بۆ پاراستنی ئەو بەرھەمە خۆماڵییانە، رسووماتی گومرگی دەخرێتە سەر ئەو بەرھەمانەی کە لەدەرەوە دێن و ھاوشێوەکانیان لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە, دوامان کردووە پەلە بکرێـت لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، چونکە ئەگەر ئەوە نەکرێت کارگەکانمان وێران دەبن”.