نوری مالیكی: توركیا بەردەوامە لەسەر پیادەكردنی سیاسەتی زیانگەیاندن بە عێراق

نوری مالیكی جێگری، سەرۆك كۆماری عیراق رایدەگەنێت، عێراق رو‌وبەڕ‌ووی قەیرانێكی گەورەی ئاو بۆتەوە، رەخنەی توندیش لە توركیا دەگرێت و بە زیانگەیاندن بە عێراق تۆمەتباری دەكات.

لە بەیاننامەیەكدا مالیكی، نیگەرانی خۆی لە گرتنەوەی ئاوی روباری دیجلە دەڕبریوە‌و ئاشكرایكرد، سەرەرای گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ توركیا، بەڵام حكومەتی ئەو وڵاتە سورە لەسەر پیادەكردنی سیاسەتی زیانگەیاندن بە عێراق.

نوری مالیكی راشیگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ ڕ‌ووبەڕو‌وی عێراق بۆتەوە قەیرانێكی گەورەیە داواشی لە حكومەتی عێراق و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان كردو‌وە چارەسەری ئەو قەیرانە بكەن.

بە پێویستیشی زانیوە، حكومەت و پەرلەمانی عێراق، توركیا ئاگادار بكەنەوە لەوەی كە بەو هەڵسوكەوتانە ئامادەكاری دەكات بۆ سەرهەڵدانی ناكۆكی لە نێوان عێراق و توركیا.

هەروەك داوای لە نەتەوە یەكگرتو‌وەكان و كۆمكاری و رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی كرد‌ووە سنورێك بۆ ئەو  هەڵسوكەوتەی توركیا دابنێن كە ئەو بە پیلانگێری بۆ داڕمانی ئابوری عێراق ناوی بردو‌وە.