ئێرانییەکان ڕێگری لە مایەپووچبوونی کەرتی گەشتیاری تورکیا دەکەن

ئێرانییەکان بێ گرنگیدان بە مەترسییەکانی شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارە کوردەکان و هێزەکانی حکومەتی تورکیا سەردانی شاری وان دەکەن تا بتوانن جانتاکانیان لەو جل و بەرگانەی پڕ بکەنەوە کە نرخەکانیان بەراورد بە هاوشێوەکانیان لە ئێران نزمتر و گونجاوترە.

 کەرتی گەشتیاری تورکیا لە ژێر کاریگەری شەڕ و پێکدادانەکان و سیاسەتەکانی حکومەتی ئەردۆغان تووشی زیانێکی زۆر بووەتەوە. هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ ئەم وڵاتە لە ٣٦ ملیۆن کەسی ساڵی ٢٠١٥ گەیشتووەتە ٢٥ ملیۆن گەشتیار لە ساڵی ٢٠١٦. بە تایبەت گەشتیارانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە خواستی سەفەریان بۆ تورکیا زۆر دابەزیوە. بەشێک لە هوتێل و میوانخانەکانی ئەستەنبووڵ و شارە گەشتیارییەکانی تورکیا بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران نرخەکانی خۆیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.

بەڵام دۆخی شاری وان لە نزیک سنورەکانی ئێران جیاوازترە. لە ٩ مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠١٧ ئەم شارە پێشوازیی لە ٣٨٨ هەزار گەشتیاری ئێرانی کردووە کە بەراورد بە ٢٦٤ هەزار گەشتیاری ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بە خۆوە  بینیوە. ئەم ڕێژەیە وایکردووە کە هوتێلەکانی شاری وان وەڵامدەرەوەی گەشتیارە ئێرانییەکان نەبن. 

پەیامنێری ئیکۆنۆمیست لە مانگی سپتمبێر لە ڕۆژێکی ئاساییدا نەک رۆژانی پشوو بە هۆی قەرەباڵغی شاری وان شوێنێک بۆ حەوانەوەی خۆی نادۆزێتەوە و لە ئاکامدا بە هۆی پەشێمان بوونەوەی گەشتیارێک دەتوانێت شەو لە هوتێلێک بمێنێتەوە. 

ژمارەی ئەو گەشتیارە ئێرانییانە کە لە وەرزی هاوین سەردانی ئەم شارەیان کردووە ئەوەندە زۆر بووە کە قایمقامیەتی وان بە ناچاری هەندێک لەوانیان لە شوێنی دیکەدا نیشتەجێ کردووە. بەرپرسێکی خۆجێی ڕایگەیاندووە، هەندێک کات لە شارەکەی خۆت هەست دەکەیت کەسێکی بیانیت.

بەڵام سەردانی ئێرانییەکان بووەتە سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابوری بۆ دانیشتووانی شاری وان. بەرپرسانی شارەکە خولی فێربوونی زمانی فارسییان بۆ چالاکوانانی بازاڕی وان کردووەتەوە.

لە هەلومەرجێکدا کە تورکیا ڕووبەڕووی دابەزینی ڕێژەی گەشتیارانی ئەورووپی و ئەمریکی بووەتەوە، گەشتیارانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر سەردانی ئەم وڵاتە دەکەن، پێش بینی دەکرێت ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ تورکیا لەمساڵ بگاتە ٢ ملیۆن کەس.