وەزارەتى خوێندنى باڵا پێداچونەوە بە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران دەکات

بەمەبەستى پێداچونەوە بەسیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان، لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى بۆ ساڵى نوێى خوێندن پێداچونەوە بەسیستمى وەرگرتن دەکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمرۆ دووشەمە، ڕێکەوتى (٣٠/٤/٢٠١٨) لیژنەی تایبەتمەند بۆ پێداچونەوە بە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران – قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان و لێژنەى باڵاى وەرگرتن لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەسەرپەرشتى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زنستى کۆبونەوەى ئاسایى خۆى.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆکان ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە درێژەى هەوڵەکانى وەزارەت بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و گۆڕانکاری لە سیستمى وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگەکان بەشێوەیەک سیستمەکە لە بەرژەوەندى گشتى خوێندکاران و ڕەچاوکردنى لایەنى پسپۆرى و تایبەتمەندیی بێت، وەزارەتەکەمان هەمیشە هەوڵیداوە چاکسازى و گۆڕانکارییەکانى لە سیستمى وەرگرتن بەشێوەیەک بێت ببێتە هۆى بەرزرکردنەوەى لایەنى ئەکادیمى و زانستى و ئاستى زانستى خوێندکاران، بۆ ئەوەش کارى سەرەکی ئەم لێژنەیە بریتى دەبێت لە پێداچونەوە بەسیستمى وەرگرتنى خوێندکاران بەشێوەکانى (ڕاستەوخۆ، زانکۆلاین، خوێندنى ئێواران و پارالێل)، لەتەواوى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێم بە حکومى و تایبەتەکان.

د. یوسف گۆران ڕونیشکردەوە لێژنەکە لەهەنگاوى یەکەمدا سەرنج و تێبینى و زانیارییەکانى لە کەسانى پسپۆڕ کۆکردۆتەوە و، لەهەمان کاتیشدا سەرنج و تێبینی لە تۆمارى خوێندکاران لە زانکۆکان و مامۆستایانى زانکۆ وەرگیراوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە سەرنج و تێبینیەکان بۆ بڕیاردران لەسەر شێواز و چاکسازیکردن لە سیتسمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەشێکى کاروبارەکان باشتر بەڕێوەدەبات و سوود لە ئەزمون و شارەزایى تەواوى ناوەندەکان وەردەگیرێت.

دواتریش هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و سەرۆک و ئەندامانى لێژنەى پێداچوونەوە بە سیستمى وەرگرتن و لێژنەى باڵاى وەرگرتن، راپۆرتى کارو ئەرکەکانیان لەماوەى رابردو خستەڕو و، بەشێک لەو بڕیارو ڕاسپاردانەشى کە پەیوەستە بە چۆنیەتى پێداچونەوە بە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان بۆ ئامادەبوان خستەڕو.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا لێژنەکە بەردەوام بێت لە کارەکانى و راوێژکردن بۆ نەهێشتنى کەموکوڕییەکان و ئەنجامدانى چاکسازى لە سیستمەکەدا.

لێژنەى پێداچونەوە بە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان لە ژمارەیەک کەسانى شارەزا لە دیوانى وەزارەت و زانکۆکانى هەرێم لە ڕێکەوتى (١٤/١/٢٠١٨)پێکهاتوە، دواى (٣) مانگ کارکردن راپۆرتى خۆیان پێشکەش کرد، واش بڕیارە لە کۆتایدا راپۆرت و پێشنیازەکانیان بەمەبەستى چاکسازى و گۆڕانکارى لە سیستمى وەرگرتن بڕیارى پێویستى لەوبارەیەوە بدرێ.