عێراق بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوته‌وه‌ دەتوانێت قەرزە دەرەکییەکانی بداتەوە


بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیھاندا، بەھۆی پابەندبوونی وڵاتانی ئەندامی ناو ئۆپیک و دەرەوەی ئۆپیک، کاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی ئابووریی وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت ،بەتایبەت عێراق دەبێت کە بەوتەی شارەزایان عێراق بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ٢٥ ملیار دۆلار قازانجی کردووە و دەتوانێت لەو رێگەیەوە قەرزە دەرەکییەکانی بداتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازارەکانی جیھاندا بۆ ٧٥ دۆلار و ٤٧ سەنت کە بە بەرزترین نرخ دادەنرێت لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٤ەوە، لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت و شارەزایانی ئابووری پێشبینی دەکەن کە نرخی نەوت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە یان لەم رێژەیەی ئێستا بووەستێت.

سعودیە و روسیا کە دوو  وڵاتی گەورەی ھەناردەکاری نەوتن کە یەکەمیان ئەندامی ئۆپیکە و ئەوی تریان لە دەرەوەی رێکخراوەکەیە، پابەندی خۆیان پیشانداوە بە بەردەوام بوون لەسەر سنووردارکردنی ھەناردەی نەوت، لێدوانی ئەو دوو وڵاتە لەبارەی ھەناردەی نەوتەوە ئەو ئاماژەیەی لێ بەدی دەکرێت کە ئەو دوو وڵاتە خوزیاری ئەوەن نرخی نەوت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.

ئەلیکسەندەر نۆڤاک وەزیری وزەی روسیا رایگەیاندووە: مۆسکۆ بە رێژەی ٩٩% پابەندە بە رێککەوتنی سنووردارکردنی ھەناردەی نەوتەوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەو رێژەیە دەگەیەنێتە ١٠٠%، پێشتریش ئاژانسی رۆیتەرز پلانی سعودیەی ئاشکرا کرد بۆ بەرزکردنەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ ٨٠ بۆ ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی.

شارەزایانی بواری وزە پێیانوایە نرخی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە بەھۆی گۆرانکارییە جیۆپۆڵەتیکییەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان بە گشتی، عێراق وەک وڵاتێکی ھەناردەکاری نەوت لە ناو ئۆپیکدا قازانجی زۆری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کردووە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا شارەزایانی ئابووری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دوای بەرزبوونەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ سەروو ٧٠ دۆلاری ئەمریکی عێراق ٢٥ ملیار دۆلار قازانجی کردووە.

چاوەڕوان دەکرێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق ھەبێت لەمساڵ و ساڵی داھاتووشدا، بە تایبەت  لە ئێستادا کە شەڕی داعش کۆتایی ھاتووە و عێراق لە تێچووی جەنگی تیرۆر رزگاری بووە کە رۆژانە بە ٣٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە،  شارەزایانی ئابووری پێشنیاری ئەوە بۆ حکومەتی عێراق دەکەن کە سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەربگرێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزە نێودەوڵەتیانەی کە لەسەریەتی، چونکە کەڵەکەبوونی ئەو قەرزانە بەھۆی بەرزیی رێژەی سوودەکەیانەوە زیانی ئابووری بە عێراق دەگەیەنێت کە ساڵانە بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.