لەسنووری ئوردنەوە 800 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر داخڵ بەعیراق دەبن


 ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئاشكرای دەكات، دوای زیاتر لە 4 ساڵ بۆ یەكەمجار 800  ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەسنووری ترێبڵی ئوردنەوە داخڵ بەعیراق بوون.

سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بەئاژنسەكانی هەواڵی راگەیاندووە، رۆژی شەممە 31ی ئاداری 20018 زیاتر لە 800 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە كاڵاو بەرهەمی ئوردنیان هەڵگرتبوو لەدەروازەی سنووری نێودەوڵەتی ترێبڵ لەرۆژئاوای شاری رومادیەوە داخڵ بەعیراق بوون.

سەرچاوەكە رونیكردەوە، دوای زیاتر لە 4 ساڵ ئەوە یەكەمینجارە ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەدەروازەی سنووری تریبڵی ئوردنەوە داخڵ بەخاكی عیراق ببێت، چونكە لەماوەی رابردوودا ئەو دەروازە نێودەوڵەتیە تەنها بۆ هاتوچۆكردنی گەشتیاران‌و ژمارەیەكی كەم ئۆتۆمبیل كراوە بووە.

سنووری نێودەوڵەتی تریبڵی نێوان عیراق‌و ئوردن كە دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبارەوە بەهۆی جەنگی داعشەوە لەساڵی 2014وە داخرابوو، بەڵام ساڵی رابردوو  بەرێككەوتنی هەردوو وڵات بڕیاری كردنەوەی درا.