مەترسیەکی گەورە ڕووبەڕوی گەنم و جۆی کوردستان دەبێتەوە


وەسفی خەلیل، ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بارزگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت ”ئێستا ئێمە لەوەرزێکداین مێرووی سن گەشە و زاووزێ دەکات، ئەم مێرووە کاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر بەروبومی گەنم‌و جۆی جوتیارانی کوردستان، ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ هەڵدەستێت بە قڕکردنی ئەم مێرووە ، بەڵام ئەم ساڵ بڕێکی زۆر کەم دەرمانی قرکەر دابینکراوە بەمەش مەترسیەکی گەورە لەسەر بەرووبومی جوتیارانی کوردستان هەیە”.

ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بارزگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وتیشی ”مێرووی سن کاتێک زاووزێی دەکات ژمارەیەکی زۆر گەرا دەدەنێت هەر مێروویەک ٨٠ بۆ ١٢٠ گەرا دەدەنێت لەبەر ئەمەش کۆنترۆڵ کردن و لەناوبردنی  کارێکی قورسە، ساڵانە بە دوو رێگا لەناودەبرێت رێگەی یەکەم لە وەرزی بەهاردا ئەنجام دەدرێت، بەکارهێنانی دەرمانی قورکەرە ئێمە جۆرێک دەرمان بەکاردەهێنین کە پێی دەڵێن (flash)، رێگای دووهەم میکانیکیە لەمانگی نۆدا کاتێک مێرووەکە دێتە کێڵگەکان و گەرا دادەنێت لەم کاتەدا بەڕێوبەرایەتییە کشتوکاڵیەکان هاوڵاتیان ڕادەسپێرێت بۆ کۆکردنەوەی ئەم مێرووە و بەکیلۆ لێیان دەکرێتەوە لەسالێ ٢٠١٦دا زیاتر لە یەک تۆن و نیو لەو مێرووە کڕدراوە و  لەناو براوە.

وەسفی خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد لەساڵی ٢٠١٧دا گەنمی کوردستان زەرەرێکی گەورەی بەرکەوت لەبەر ئەوەی مێرووەکە لەناونەبرا، ئەم ساڵێش حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ بڕێکی کەم لەدەرمانی قڕکەری بۆ بەرێوبەرایەتییە کشتوکاڵیەکان دابین کردووە، ئەگەر بڕێکی زیاتر پەیدا نەکرێت رەنج و ماندووبونی جوتیاران بەفیرۆ دەڕوات چونکە کاتێک ئەم مێرووە لە گەنم و جۆ دەدات بەکەڵکی عەلەفیش نایەت، تەنها لەسنوری پارێزگای سلێمانی ٨٠٠ هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و ٣٠٠ هەزار بە جۆ چێندراوە کە مەترسی ئەوەیان لەسەرە زیانێکی گەورەیان بەردەکەوێت.

وەسفی خەلیل جەختی لەوەش کردەوە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بووە بۆ بەرەوپێش بردنی کەرتی کشتوکاڵ و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەم کەرتە لەم بوارەشدا بەو پەڕی تواناوە هاوکاری بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵ سلێمانی دەکەین بۆ پاراستنی بەرەهەمی جوتیاران و لەناوبردن و قڕکردنی ئەم مێرووە و داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەدەم ئەم گرفتەوە بچن و چارەسەری بکەن.

ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بارزگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وتیشی ”ئەم مێرووە لەناوچەکانی هەڵەبجە و شارەزوور و بنگرد و بەرزنجە لە سنوری پارێزگای سلێمانی  بەشێوەیەکی سەرەکی گەشە دەکات دەبێتە لەم ناوچانەوە دەست بەلەناوبردنی بکرێت”.