سلێمانی: بڕی بەرهەمە هاوردەكراوەكان دیاری دەكرێن

بەمەبەستی راگرتنی هاوسەنگی و زیاد نەبوونی نرخ، هاوردەی بەروبوومی پەلەوەری دیاری دەكرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت: بەمەرجەكانی ڤێتەرنەری و تەندروستی بەرهەمەكان هاوردە دەكرێت. 

 لە دیوانی قائیمقامیەت بەبەشداری وەستا حەسەن بەرێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبۆوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبوومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچوونەوە بەبڕی ئەو بەروبووم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

لە دوای كۆبوونەوەكەش رزگار محەمەد خدر- جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ووتی: بە لەبەرچاووگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو، بڕیاردراوە كە رێگە بە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو نەدرێت لەبەرئەوەی بەرەهەمی ناوخۆ توانای دابینكردنی بازارەكانی هەیە و پێویستی بە بەرهەمی بەستوو هاوردەكراو نیە.

وتیشی: بەهۆی هاتنی وەرزی زاوزێ و قەدەغەكردنی راووكردنی ماسی-یەوە هەورەها هاتنی وەرزی گەشت و سەیران بڕیارداوە 600 تۆن ماسی هاوردەبكرێت تا كەموكورتییەكان و خواستی بەكارهێنەرەكان پڕبكاتەوە.

رزگار محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد: بڕی ئەو بەروبوومانەی لەم مانگەدا هاوردە دەكرێن بریتیە لە 510 تۆن هێلكەی خواردن و 500 تۆن گۆشتی سور لەگەڵ هاوردەكردنی 15 هەزار سەر گوێرەكە بۆ هەرسێ مانگی داهاتوو.