هەرێمی كوردستان بەرەو بووژانەوەی ئابووری

باش بوونی پەیوەندییەكانی هەرێم‌و لەگەڵ حكومەتی ناوەند ناردنی مووچەو كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی‌و هەولێر بەڕووی گەشتیارانداو داڕشتنی پلان بۆ بووژاندنەوەی بواری گەشتیاری ئەمانە دەبنە هۆكارێكی كاریگەر بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری‌و بەگەڕخستنەوەی كۆمپانیاكانی ناوخۆ و هاتنەوەی كۆمپانیاكان لەسەرجەم بوارەكانی بازرگانی گشتی‌و گەشتیاری‌و وەبەرهێنان‌و پیشەسازی، كە بەهۆی قەیرانی ئابووری‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەرەوە توشی سستی‌و لاوازی بوون جگە لەوەش كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر بازاڕو بازرگانی‌و كارو كەسابەت‌و ژیان‌و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
ئەوەی ئێمە ئاگادارین دوای جەژنی نەورۆز ژمارەیەكی زۆر لەكۆمپانیاكان دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان كارو چالاكیەكانی خۆیان درێژە پی دەدەن لەسەرجەم بوارەكاندا بە هاوكاری كۆمپانیا خۆماڵییەكانی خۆمان‌و بەگەڕخستنەوەی هێزی كاری خۆماڵی .
دەستپێكی ئەم چالاكیانەش بەكۆنفراسێكی ئابووری‌و بازرگانی دەستپێدەكات لەشاری هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لەكۆمپانیا بە تواناكانی كۆماری ئیسلامی ئێران‌و كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر دەستپێكردنەوەی چالاكیەكانی كۆمپانیا ئێرانیەكان لەهەرێمی كوردستان‌و بەگەڕخستنی تواناو سەرمایەكانیان، ئەم كۆنفرانسەش بەسەرپەرشتی یەكێتی ژوورە بازرگانیەكانی هەرێم دەبێت.
حكومەتی هەرێم‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڵێنیان داوە هاوكارو پشتیوان بن بۆ كەرتی تایبەت كارئاسانی‌و هەمەئاهەنگی‌و بۆ بازرگان‌و كۆمپانیا بیانی‌و خۆماڵییەكان.
ئەمەش وادەكات هەرێمی كوردستان بەرەو بووژانەوەی بواری بازرگانی‌و ئابووری هەنگاو هەڵگرێت، دەبیتە هۆكارێكی كاریگەر بۆ باشكردنی ژیان‌و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

* یاریدەدەری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری بازرگانی‌و ئابووری