عێراق موچەی پەروەردە و تەندرووستی ده‌نێرێت بەو مەرجەی تەسلیمی حکومەت نەکرێت

بەغداد بە هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە کە ئامادەن موچەی هەردوو کەرتی تەندرووستی و پەروەردە خەرج بکەن، بەڵام بەو مەرجەی ڕاستەوخۆ تەسلیمی پارێزگاکان یاخود بەڕێوبەرایەتییەکانی بکەن.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە عێراق ئامادەیە موچەی هەردوو وەزارەتی پەروردە و تەندروستی خەرج بکات. بەڵام ئەوان ئامادە نین پارەکە تەسلیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و دەیانەوێت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی پەروردە و تەندروستی یاخود پارێزگاکانی هەولیرو سلێمانی و دهۆکەوە پرۆسەکە ئەنجام بدەن.

مەریوان عومەر وتەبێژی پەروەردەی سلێمانی لەو بارەیەوە ڕاگەیاند هیچ شتێک لەسەر دابەشکردنی موچە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیەکانەوە بە ئەوان نەوتراوە.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە حکومەتی عێراق رەزامەندی نیشانداوە بە پێدانی موچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی هەرێمی کوردستان دوای وردبینیکردنیانیان، بەڵام سەرەڕای ئەوەی وردبینی تەواو بووە، هێشتا موچەی فەرمانبەرانی ئەو دوو وەزارەتە خەرج نەکراوە.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبادی بە شێوەیەکی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ناکات و هەوڵدەدات لە ڕێگەی پارێزگاکانەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات.