هه‌نارده‌كردنی مریشكی زیندووی كوردستان بۆ باشوری عێراق و كەركوك قەدەغە كراوە

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رای گەیاند كە بە رێنوێنیی حكوومەتی عێراق ئەوان بەردەوامن لە قەدەغەكردنی هاتنی مریشكی زیندوو و هێلكە و پەڕ و ئالیك لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو پارێزگاكانی تری عێراق تا كاتی لە نەبوونی پەتا و نەخۆشی دڵنیا دەبنەوە. 

حەمید نایف، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دوپاتی كردەوە كە ئەو بڕیارە لەبەر ئەوە دراوە كە كارگێڕیی ڤێتێرنەری لە هەرێمی كوردستان ماوەی دوو ساڵە زانیارییەكانیان لەبارەی بوون و نەبوونی پەتای باڵندە لەو ناوچانەیان بە ئێمە نەداوە، بۆیە بڕیارەكە لەبەر سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانەوە لە تووشبوون بە نەخۆشی ئەنفلەوەنزای باڵندە دراوە. 

زیاتر وتی، هەروەها بڕیارەكە بەسەر پارێزگای كەركووكیش جێبەجێ كراوە و هاتنی مریشكی زیندوو و هێلكە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوێش قەدەغە كراوە بەهۆی هاتنی چەند بارێكی مریشكی زیندوو لە هەرێمەوە بۆ ئەوێ كە دۆخی تەندروستیان نازانرێت.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە هۆكاری بڕیارەكە لایەنی سیاسی نییە وەك لە راگەیاندنەكانی باسی لێوە دەكرێت و پێویستە بەرپرسانی ڤێتێرنەری لە هەرێمی كوردستان زانیاری لەبارەی بوون و نەبوونی پەتای باڵندە و پەلەوەر و ئاژەڵ بە ئێمە بدەن بۆ خستنەڕووی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لابردنی ئەو قەدەغەی كە هەیە و هاتنەوەی مریشكی زیندووی هەرێمی بۆ ناوچەكانی تری عێراق ئەگەر لە رووی تەندروستییەوە شیاو بن.